ژووری عەمەلیات دوایین كۆبوونەوە ئەنجام دەدات

هەولێر-KDP.info- یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەڵێت، ژووری عەمەلیات دوایین كۆبوونەوەی خۆی لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دەدات و، هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو پرسەوە دەخەنە ڕوو.
(محەممەد ئەحمەد) یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بە KDP.infoـی راگەیاند: "لە ئێستادا لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەوەی كاتی كۆبوونەوەی ژووری عەمەلیات دیاری بكرێت و، هەر كاتێكیش لەبارەی كاتەكەوە رێك كەوتین، دوایین كۆبوونەوە بۆ گەییشتن بە سازان لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دەدەین".
یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو گوتیشی، لەبەر ئەوەی كات نەماوە، ئەو كۆبوونەوەیەی دەكرێت دوایین كۆبوونەوە دەبێت لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و، لایەنەكانیش دوایین هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو پرسوە دەخەنە ڕوو بۆ ئەوەی بگەنە سازان.
بڕیارە لیژنەی یاسایی تاوەكو دوو رۆژی دیكە كۆبوونەوە نەكات بۆ ئەوەی لایەنەكان بگەنە سازان، لەم بارەیەوە سەرچاوەیەك بە KDP.infoـی گوت، بە كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی هەموو شتێك تەواو نابێت، چونكە پڕۆژەیاسای هەمواركردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم پێویستە هەموو لایەنەكان لەسەری بگەنە رێككەوتن و سازانی لەبارەوە بكرێت، بەڵام ئەوەی لیژنەی یاسایی تاوەكو ئێستا كاری كردووە، وەكو كارتێكی گوشار بووە.
بڵند ئیبراهیم




