٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش دوو كاتیۆشای ئاڕاستەی ناو خەڵكی سڤیل كرد.. ئافرەتیك شەهید بووە و دوو كەسی دیكەیش بریندار بوون

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  بەرپرسی میحوەری مەخموور دەڵێ، هێزی پێشمەرگە چەند رۆژێكە زۆر بە باشی تیرۆریستانیان كوتاوە، بۆیە تیرۆریستانی داعش دوو كاتیۆشایان بۆ ناو خەڵكی سڤیل ئاڕاستە كردووە، بەمەیش دەیانەوێت شكستەكانیان پەردەپۆش بكەن.

سەعات 9 و 52 خولەكی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، تیرۆریستانی داعش دوو كاتیۆشایان ئاڕاستەی شاری مەخموور كرد كە بەر ماڵانی مەدەنی كەوتن.
(نەجات عەلی) بەرپرسی میحوەری مەخمووری هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: "ئەم مووشەكانە دوورهاوێژن و زیاتر لە 20 كیلۆمەتر دەڕۆن، داعشیش ئەم مووشەكانەیان لە ئۆتۆمبێلی مەدەنی قایم كردووە بۆ ئەوەی نەكەونە بەر هێرشی فڕۆكەكان و پێنەزاندرێن و بە مەدەنی خۆیان دەربخەن. لە ئەنجامی ئەم دوو كاتیۆشایەی ئەمڕۆی داعشیش، ئافرەتیك شەهید بووە و  دوو كەسی دیكەیش بریندار بوون كە سەرجەمیان مەدەنین".
بەرپرسی میحوەری مەخمووری هێزی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، هێزی پێشمەرگە چەند رۆژێكە زۆر بە باشی تیرۆریستانیان كوتاوە، بۆیە تیرۆریستان هەڵساون بە ئاراستەكردنی ئەم دوو كاتیۆشایە بۆ ناو خەڵكی سڤیل و، لەم كارەیشیاندا دەیانەوێت شكستەكانیان پەردەپۆش بكەن و وای پێشان بدەن كە بوونیان هەیە و بەهێزن، بەڵام لە راستیدا زۆر سست بوون و رۆژ بە رۆژ بێهێزتر دەبن.
(نەجات عەلی) دەشڵێت: "تیرۆریستانی داعش بۆردوومانی خەڵكی سڤیلیان كرد، بەڵام كە ئێمە وەڵامیان دەدەینەوە وەك تیرۆریستان رەفتار ناكەین و بۆردوومانی خەڵكی مەدەنی ناكەین، پێشمەرگە تەنیا ئەو سەنگەرانەی تیرۆریستان بۆردوومان دەكات كە سەدی سەد دڵنیایە تەنیا تیرۆریستیان لێیە، لەگەڵ فڕۆكەكانی هاوپەیمانانیش چەند رۆژێكە بە بەردەوامی لەسەر هێڵین و لە هەر شوێنێك جموجۆڵیان هەبێت، ئاگربارانیان دەكەین".
سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار