٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راپۆرتی مانگانەی هەناردەكردنی نەوت بڵاو كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راپۆرتی مانگانەی هەناردەكردنی نەوتی بۆ مانگی تەمموز بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، لە مانگی تەمموزدا "رۆژانە 516 هەزار و 745 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە".

ڕاپۆرتەكە هەروەها ئاماژەی داوە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی مانگی ئەیلوولی ٢٠١٥ بە دواوە، بەشێك لە داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەی كە ڕاستەوخۆ دەیفرۆشێت بۆ كۆمپانیاكانی نێودەوڵەتیی نەوت كە لە هەرێمی كوردستان نەوت بەرهەم دەهێنن، تەرخان دەكات؛ هاوكات پێشبینی دەكات، پاش زیادكردنی هەناردەی نەوت لە دەستپێكی ساڵی ٢٠١٦ـدا بەشێكی دیكەی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان دابین بكرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، هەر لە دەستپێكی ساڵی ٢٠١٥ـوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لە بەغدا گەییشتنە ڕێككەوتنێك كە بریتی بوو لە هەناردەكردنی نەوت لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرانبەریشدا هەناردنی بەردەوامی بەشەبودجەی ١٧٪ـی هەرێمی كوردسان. ئەم ڕێككەوتنەیش لە بودجەی ساڵی ٢٠١٥ـی حكوومەتی فیدراڵدا جێگیر كرا. 
سامانە سرووشتییەكان لە ڕاپۆرتەكەدا جەختی كردووەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێز لە رۆحی ئەو هاوكارییە دەگرێت كە پێكهاتن لەسەر كێشەی بودجەی لەگەل حكوومەتی فیدڕاڵی عێراقدا لێ كەوتەوە و پێیەوە پابەندە و دەخوازێ بەردەوام بێت لەسەر پێشخستنی ئەم رێككەوتنە بۆ ئەوەی لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە لەگەڵ بەغدا بگەنە سازانێك لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی پێوەست بە نەوت و گاز و دابەشكردنی داهاتەكانەوە.
دەشڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵ بوو بە ئاستی ئەو هاوكارییە تەكنیكیانەی كە دامودەستگاكانی فیدڕاڵی  وەك كۆمپانیای نەوتی باكوور و كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێڕاق (سۆمۆ) پێشكەشی كرد. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە ئاسانكاریكردن بۆ كۆمپانیای نەوتی باكوور بۆ هەناردەكردنی نەوت لە بیرە نەوتییەكانی  كەركووك بۆ بەندەری جەیهان لە ڕێگای بۆریی گواستنەوەی نەوتی كوردستان.
دەربارەی ڕەوانەنەكردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، ڕاپۆرتەكە ڕوونی دەكاتەوە، "بە چەند هۆكارێك حكوومەتی فێدڕال تاوەكو ئیستا نەیتوانیوە بەشەبودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچەی مانگانەی كارمەندانی حكوومەتی هەرێم، هەروەها دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستەكانی دەوڵەت، هاوكات دابینكردنی مووچەی مانگانەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان كە لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی تیرۆریستیدان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو نەوتی خاو راستەوخۆ لە بەندەری جەیهان بفرۆشێت.
ئاماژەیشی داوە، هەرچەندە ئەو بڕەپارەیەی كە حكوومەتی هەرێم لە فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوت دەستی دەكەوێت كەمترە لە ١٧٪ ـی بەشی هەرێم لە بودجەی حكوومەتی فیدڕال، بەڵام لە هەمان كاتدا بە ڕێژەیێكی بەرچاو زیاترە لەو بڕەی كە حكوومەتی فیدڕال مانگانە بۆ حكوومەتی هەرێم دابینی دەكرد.
حكوومەتی هورێمی كوردستان، سوپاسی كۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەكانیش دەكات كە بە زیادكردنی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت بۆ بەرزترین ئاست و بەشداربوون لە ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. لە كاتێكدا كە هەرێم لە شەڕی دژی تیرۆر، بڕینی بوودجە لە لایەن حكوومەتی فیدڕال لە بەغدا، هەروەها بارگرانیی كومەڵایەتی، سیاسی و ئابووری نزیكەی ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارەی ناوەوە و دەرەوەی عێراق بوو، لەو كاتەدا كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان بە بەشداری لە ئابووریی كوردستاندا، پابەندبوونی خۆیان بۆ حكوومەت و خەڵكی كوردستان پێشان دا.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ددان بەوەدا دەنێت كە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بەرهەمهێنەری نەوت پشوودرێژ بوون، لە كاتێكدا سەڕەڕای ئەوەی لە مانگی ئایاری ٢٠١٤ـوە موستەحەقاتی خۆیان لە بەرهەمهێنانی نەوت پێ نەدراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا بەردەوام بوون لە سەرمایەگوزاری و هاوكاری بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاوی كوردستان.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكا ئاماژەیش دەدات، هەناردەكردنی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، لە هەمان كاتیشدا ددان بەوەدا دەنیێن كە بۆ كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان، هەناردەكردنی ئەو ئاستەی نەوت زەحمەتە، ئینجا چۆن پلانەكانیان پەرە پێ بدەن بە بێ ئەوەی مافە داراییەكانیان پێ بدرێت.
هەر بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلوول بە دواوە، بەشێك لەو دەرامەتەی  كە لە فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوت دەستی دەكەوێت، بۆ كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكانی بەرهەمهێنەری نەوت دابین دەكات، بۆ ئەوەی خەرجیی رۆژانەیان پێ دابین بكرێت. دواتریش كە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی ساڵی ٢٠١٦ زیاد كرا، بە هەمان شێوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات كە بەشێكی تری داهاتی نەوتیان بۆ دابین بكات بۆ ئەوەی بەپێی گرێبەستەكانی هاوبەش لە بەرهەمهێنانی نەوت قەرزەكانی پێشووتریان پێ بدرت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار