كاری لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور بەردەوامە.. 69 ماددە پەسەند كراون

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێم بۆ ڕاپرسی ڕایدەگەیێنێت، كاركردن بۆ نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێم بۆ راپرسی بەردەوامە و، تا ئێستایش 69 ماددە پەسەند كراون.
(د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم) ئەندامی لیژنەی ئامادەكردنی رەشنووسی دەستووری هەرێم بۆ ڕاپرسی، بە KDP.info رایگەیاند: "كارەكان بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێم بەردەوامن و، ئەمڕۆیش مافی پێكهاتەكان كە كراوە بە دەروازەیەكی سەر بەخۆ نەك بەشێك بێت لەناو ماف و ئازادییەكان، كاری لەسەر دەكرێت، لەوانە توركمان و مەسیحی و ئێزدی پەڕاوێكیان دەبێت و ئێمەیش وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان بەو پێكهاتانەمان گوتووە هە پەڕاوێك ئامادە دەكەن، ڕەزامەندیی لەسەر دەدەین".
(د. ڤاڵا) گوتیشی: "تا ئێستا 69 ماددە سازانیان لەسەر كراوە و هاتوونەتە پەسەندكردن، لەنێویشیاندا مافی پێكهاتەكان، بابەتی پاراستنی ناسنامەی پێكهاتەكان و دروستكردنی ئەو كۆمەڵە و رابیتانەی تایبەت بە خۆیانن، پەسەند كراون".
بەپێی ئەو كاتەی لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ لیژنەكە دانراوە، پێویستە لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێم بۆ ڕاپرسی كارەكانیان لە ماوەی 90 رۆژدا بەكۆتا بێنن، بەڵام ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكردنی رەشنووسی دەستووری هەرێم بۆ ڕاپرسی گوتی: "تەواوبوونی كارەكان لە كاتی خۆیدا نابێت، بۆیە پێویستمان بە كاتی زیاتر و درێژكردنەوەی وادەكە هەیە".
جێی ئاماژەیە، لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێم بۆ ڕاپرسی، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە رۆژی 25ـی مانگی ئایاری ئەمساڵدا ئەنجام دا و تا ئێستایش كارەكانیان بەردەوامن.
نەشوان بەرزنجی




