"هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری بەشێكە لە فیدراڵیەت"

هەولێر -KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی سەرچاوە سروشتییەكانی پهرلهمانی كوردستان دەڵێ، هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری بەشێكە لە فیدراڵیەت چونكە فیدراڵیەت لە دابەشكردنی دەسەڵاتی سیاسی و سامان و داراییەوەیە؛ هەرچەندە ئاسەوارەكانی ئەم هەنگاوانەی نراوە بۆ سەربەخۆیی ئابووری جارێ بە ڕوونی دەرنەكەوتووە، بەڵام ئەم هەنگاوانە هەر گرینگن و دوایی بەروبوومەكەی دەدروینەوە.
(بەیار دۆسكی) ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری بەشێكە لە فیدراڵیەت؛ چونكە فیدراڵیەت لە دابەشكردنی دەسەڵاتی سیاسی و سامان و دارایی هەر وڵاتێكە و، دەبوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم هەنگاوانەی سەربەخۆیی ئابووری زووتریش بگرتایەتە بەر. هەرچەندە ئاسەوارەكانی ئەم هەنگاوانەی نراوە بۆ سەربەخۆیی ئابووری بەرونی دەرنەكەوتوون و نەتواندراوە مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا دابین بكرێت بەڵام ئەم هەنگاوانە هەر گرنگن و لە داهاتوودا بەروبوومەكەی دەبیندرێت و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی فیدراڵیەتدا دەبێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە ڕێكەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا و شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بە تەواوی و لەكاتی خۆیدا نەدات، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێ حكوومەتی هەرێم ڕێگاچارەی خۆی ههبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی ببێتەوە و مووچەش لەكاتی خۆیدا دابین بكات كە تاكە ڕێگاش سەربەخۆیی ئابوورییە."
سەرباز واحید




