له پارێزگاكانی سلێمانی و ههڵهبجهدا تادێ بازنهی ناڕهزایی خهڵك فراوانتر دهبێ

سلێمانی -KDP.info- پارێزگای سلێمانی و ههڵهبجه وا خهریكه تێكڕا لایهنه ئیدارییهكهی دهكهوێته ژێر پرسیاری شهرعیی خهڵكهوه كه بۆچی نهیانتوانیوه سهرەتاییترین خزمهتگوزاری به چاكی بۆ خهڵكی بهجێ بگهیێنن؟ لهم بارەوە پارێزگاری ههڵهبجه و ئهندامێكی ئهنجوومهنی پارێزگای سلێمانی له لیستی پارتی و گوتهبێژی ئهنجوومهنی سهركردایهتیی پارتی له سلێمانی لهو ڕیپۆرتهدا دهدوێن.
ماوەی چەند ڕۆژێکە بە ھۆی کەمخزمەتی لە سنووری شاری سلێمانی و ھەڵەبجە خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێ و سەرەتا لە شاری سلێمانیدا کرا و ھێزەکانی ئاسایش چەند خۆپیشاندەرێکیان دەستگیر کرد؛ ماوەی دوو ڕۆژیشه لە خورماڵ و سەیدسادق و چەند ناوچەیەکی دیکەدا خۆپیشاندان دەکرێت و چەند داواکارییەکان ھەیە لەوانە دابینکردنی ئاو وکارەبا ودەستلەکارکێشانەوەی ھەر یەکە لە بەرپرسی ناحیە و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو و سەرۆکی شاروانی و، ھەر ئەمڕۆ لە سنووری قەزای شارەزوور و ھەڵەبجەی تازەیشدا خۆپیشاندان بۆ ھەمان مەبەست ساز کرا و، تێدا داوایان کرد قایمقام دەست لەکار بکێشێتەوە و بینای قایمقامیشیان بەردباران کرد و دواتر گرژی دروست بوو، لە ئاکامدا حەفت پۆلیس و پێنج ھاووڵاتی بریندار بوون؛ به گوێرهی ئهو خۆپیشاندانانه، تا دێ بازنهی ناڕهزایی خهڵك له ئیدارهی پارێزگای سلێمانی و ههڵهبجهدا فراوانتر دهبێ.
پارێزگاری ھەڵهبجە (عەبدوڵا نەورۆڵی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە سەردان ناحیەی خورماڵمان کرد و ئەوان یاداشتێکی 'چەند خاڵی'ـیان ھەبووە و ئێمەش بۆ ئەوەی دڵخۆش بن ئیمزامان لەسەری کرد، چونکە جێبەجێکردنی ھەموو داواکارییەکان بە دەست ئێمە نییە، لەوانە گۆڕینی بەڕێوەبەری ناحیە کە پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و پێویستە ئەوان بیگۆڕن؛ خۆی ئەوەی زەروور بێ ئێمە بۆیانی جێبەجێ دەکەین.
بەپێی زانیارییەکان قایمقامی شارەزوور و بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ هێشتایش ئامادە نین دەست لەکار بکێشنەوە و خۆپیشاندەرانیش سوورن کە پێویستە دەست لەکار بکێشنەوە، ھەر بەم ھۆیەوە ئەمڕۆ ھەر یەکە لە بەڕێوەبەری ناحیە و بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاو و سەرۆکی شارەوانی لە ھەڵهبجە دەوامیان کردووە و نەچوونەتە دەوامی خۆیان لە خورماڵ، چونکە دوێنێ خۆپیشاندەران بینای ناحیەی خورماڵیشیان بەردباران کرد.
(سۆران عەلی) قایمقامی قەزای شارەزووریش گوتی، لەناو خۆپیشاندەراندا کۆمەڵێک گێرەشێوێن ھەبوون و لەلایەن دادگا داوا کراون، ھەر ئەوانەش بوون بینای قایمقامیەتیان بەردباران کرد، بۆیە داوای یاساییمان لەسەریان تۆمار کردووە لە دادگا، ئەگەرنا خۆپیشاندان مافی خەڵکە کە لەو ڕێیەوە داواکاری خۆیان بگەیێنن، بەڵام ھەندێک لە داواکارییەکان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نین.
ڕوونیشی کردەوە، ئامادە نیم دەست لەکار بکێشمەوە و، ئەوانەی ئەو داوایە دەکەن با داوای لەو قایمقامانە بکەن کە لەسەر پشکی حزبی خۆیان دانراون، مەبەستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو.
(مینا سامی) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لە خزمەتکردنی خەڵک سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە خەڵک نارازیە و خۆپیشاندان دەکات و داواکاریەکانیان ھەمووی ڕەوایە و مافی خۆیانە."
گوتیشی، لەناو خۆپیشاندانەکان خەڵک ھان دەدرێت بۆ ئەوەی ھێرش بکرێتە سەر بارەگاکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان، لەکاتێکدا پارتی لە سنووری ئەو پارێزگایانەدا ھیچ پۆستێکی بە دەستەوە نییە، ئەگەرنا جوانتر لە ھەولێر و دھۆک خزمەتمان دەکردن، بەڵام ئەمە دەستێکی لە پشتەوەیە و دەیانەوێت خۆیان لە بەرپرسیارەتی بدزنەوە.
(فارس نەورۆڵی) گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانییەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داواکاری خەڵکی کە خۆپیشاندانی بۆ دەکەن داواکاریی سەرەتایین و پێویستە بۆیان دابین بکرێت وەکو ئاو و کارەبا و پڕۆژەکان، بۆیە ئێمە وەکو پارتی پێمان وایە ئەو داواکاریانە ڕەوایە و پشتگیرییان لێ دەکەین."
بڵند ئیبراھیم




