هاووڵاتیانی گوندی زارگه‌لی داوای وه‌ده‌رنانی په‌كه‌كه ده‌كه‌ن

زارگه‌لی -KDP.info- هاووڵاتیانی گوندی زارگه‌لی مه‌رجیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر زه‌مانه‌تی ڕاگرتنی شه‌ڕ و ده‌ركردنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یان پێ نه‌درێت، ئاماده نینه بگه‌ڕێنه‌وه گونده‌كه‌یان و ژیانی خۆیان بخه‌نه مه‌ترسی.
(ئیسماعیل زارگه‌لی) (موختار)ی گوندی زارگه‌لی بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه بنكه و باره‌گاكانی خۆی له گونده‌كه دوور نه‌خاته‌وه زۆر ئه‌سته‌مه خه‌ڵكی ناوچه‌كه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان، بۆیه داواكارین هه‌رچی زووه پارتی كرێكارانی كوردستان بنكه و باره‌گاكانی خۆی له گونده‌كان بباته ده‌ره‌وه و چۆڵی بكه‌ن، با چیدی خه‌ڵكی لاشەڕ نه‌بنه قوربانی، ئێمه به‌شێك نین له‌و شه‌ڕه‌ی كه له نێوان په‌كه‌كه و توركیادا هه‌یه، داوا له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌ین هاوكاریمان بكات گونده‌كه‌مان ئاوەدان بکەینەوە."
(ئیسماعیل) ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، گوندی زارگه‌لی و بۆگریسكانیان، بە هەردووکیانەوە نزیكه‌ی 80 ماڵ ده‌بوون، وا ئێستا خەڵک چۆڵیان كردوونە و كۆچیان كردووه.
(سیروان ڕۆژبه‌یانی) قایمقامی قه‌زای ڕواندز به وه‌كاله‌ت، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ: "سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌مان كردووه كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردومانی كردوونه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه كۆ بووینه‌ته‌وه، دەڵێن، زه‌مانه‌تی ڕاگرتنی شه‌ڕمان پێ بدرێت، ئه‌گه‌رنا ناگه‌ڕێینه‌وه بۆ گوندی زارگه‌ڵی."
گوتیشی: به پێی دوایین ئاماره‌كان، له‌و بۆردومانه‌دا 8 هاووڵاتی شه‌هید و 11 كه‌سی دیكه‌یش بریندار بوونه، ڕه‌وشی برینداره‌كان باشه و زۆربه‌یان لە نه‌خۆشخانه بەر بوونە. 7 خانوو ڕووخاوە و، ده‌یان سه‌ر ئاژه‌ڵ کوژراون و ڕه‌ز و باخێکی زۆریش کاول بووە.
ڕابین شێروانی




