سلێمانی.. "كەموكووڕی لە بهڕێوبردنی ئیداری ئەم ناوچانەدا هەیە بۆیە خۆپیشاندان دەكرێت."

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ خۆپێشاندەران داوای پێداویستیی زۆر سەرەتایی دەكەن كە بەهۆی كەموكووڕی ئیداریی ناوچەكانیانەوەیە. دەیشڵێ هەندێك لایەن دەیانەوێت خۆپێشاندانەكان بە لاڕێدا بهرن و خۆڵ بكەنە چاوی خەڵك.
ماوەیەكە خۆپێشاندان بۆ پڕۆژەی پەككەوتە و نەبوونی ئاو و كارەبا و كەموكووڕیی ئیداری لە ئیدارەی گەرمیان و ڕانیه، حاجیاوە، چوارقوڕنە، سەیدسادق، ناحیەی ڕزگاری سەر بە كەلار و كفری دەکرێت و دوێنیش ئەم ناڕەزایەتیانە گەیشتە شاری سلێمانی، بەڵام لەلایەن هیزەكانی ئەمنییەوە ڕێیان لێ گیرا و نەیانهێشت خۆپیشاندانەكەیان بكەن.
(زیاد كاكە ڕەزا) سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە دڵنیاییەوە كەموكووڕی لە بەڕێوبردنی ئیداریی ئەم ناوچانە هەیە كە خۆپێشاندانی لێ دەکرێت و دەبێ هەوڵ بدرێت ئەم كەموكووڕییە ئیداریانە نەهێڵدرێت. هەموو خۆپێشاندانێكی خەڵك ئەگەر مەدەنیانە بێت ڕەوایە و هەقە و دەواكاری ئەم خۆپێشاندانانە بۆ خزمەت گوزاریە هەرە سەرەتاییەكانە وەكو ئاو كارەبا و ڕێگاوبان و بەنزین و چەندین كەموكووڕیی ئیداری دیكه بۆ نموونە دەكرێ لەبری ئەوەی چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراو لەم سنوورەدا بەنزین هاوردە بكەن با چەندین كۆمپانیای تریش ڕێگایان لێ نەگیرێت بەنزین هاوردە بكەن بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لەم سنوورانە دابەزێندرێت."
سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگهیاند كه: "دەبیسینەوە و دەبینین لە هەندیك جێگادا چەند لایەنێك هەیە دەیانەوێت خۆپێشاندانە مەدەنی و داواكارییە ڕەواكانی خەڵك بەلاڕێدابەرن یان حزبێك بۆخۆی لە حكوومەتدا بەشدارە و كاروبەرنامەكەی لە حكوومەتدایە، بەڵام دەیەوێت بە زۆر خەتاكان بخاتە ملی خەڵك و لایەنی تر خۆ خەڵك زۆر لەم سیاسەتە بێزار بووە و خەڵك زۆر لەمە هۆشیارترە كە بتواندرێت خۆڵ بكرێتە چاوی و ڕاستییەكان بشێوێندرێن."
سەرباز واحید




