٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەکەکە چیدی خەڵکی بە قەڵغان بگرێت، دەبێت پەرلەمان داوای جێهیشتنی باشووری لێ بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (حەیات مەجید پەرخی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان قیژەی هاوبیرەكانی لە خولی پێشوو بۆ قوتی خەڵك لە گوێیدا مابێت، دەبێت ئێستا پارێزگاری لە رێڕەوی پەیداكردنی بژێویی ژیانی خەڵك بكات؛ جەختیش دەکاتەوە، هیچ هێز و لایەنێك هێندەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و خودی پارتی هەوڵی لابردنی پەكەكەی لە لیستی تیرۆردا نەداوە بە خودی پەكەكەیشەوە. دەشڵێت، بێڕێزیكردنی هەوادارانی پەكەكە بە رەمزەکانی كوردستان، بێڕێزیكردنە بەرانبەر بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

(حەیات مەجید پەرخی) پەرلەمانتاری پارتیی دیموكراتی كوردستان روو لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە رێگای‌ KDP.infoـوە دەڵێت، "ئەگەر بڕیار بێت سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هاوشێوەی حیزبەكەی بێدەنگی لە بەرانبەر تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی كوردستان لە لایەن پەكەكەوە هەڵنەبژێرێت، دەبێت سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەڵویست بگرێت، چونکە ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان قیژەی هاوبیرەكانی لە خولی پێشوو بۆ قوتی خەڵك لە گوێیدا مابێت، دەبێت ئێستا پارێزگاری لە رێڕەوی پەیداكردنی بژێویی ژیانی خەڵك بكات، دەبێت بە لایەنی كەم پەرلەمانی كوردستان ئاگاداركردنەوەی لەسەر ئەم كارە بە پەكەكە بدایە و سەركۆنەی بكردایە."

(پەرخی) گوتیشی: "هیچ هێز و لایەنێك هیندەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و خودی پارتی هەوڵی لابردنی پەكەكەی لە لیستی تیرۆردا نەداوە بە (خودی پەكەكەیشەوە)، بەڵام بەم رەفتارانە لە لایەك هەرێمی كوردستان ئیحراج دەكات، لە لایەكی تر بیانووی تیرۆر بۆ پەكەكە زیاد دەكات، ئەگەریش پەكەكە بە هەر بیانوویەك هاووڵاتیانی مەدەنیی كوردستان وەك قەڵغان بۆ خۆی بە كار بهێنێت و سەرچاوەی ئابوورییەكەیشی تێك بدات، دەبێت پەرلەمانی كوردستان داوای چوونەدەرەوەی پەكەكە لە حەوشە و ماڵی ئەو هاووڵاتیانە بكات و، ئەگەریش پەكەكە هەر لەو شێوە رەفتارانەی بەردەوام بوو، دەبێت پەرلەمانی كوردستان داوای بەجێهیشتنی باشووریان لێ بكات."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا، "ئەگەرچی تا ئێستا هیج یاسایەك بۆ رەمزە نیشتیمانییەكانی كوردستان نییە، بەڵام بێڕێزیكردنی هەوادارانی پەكەكە بە ڕەمزەکانی كوردستان، بێڕێزیكردنە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو پڕۆژەیاسایەی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەی كردووە، پێویستە لە زووترین كاتدا سەرۆكایەتیی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكات و، بیخاتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی وەرزی یاساییەوە، پێویستە چالاكیی مەدەنی لە هەر كەس و لایەنێكیش قەدەغە بكات كە سووكایەتیی بە رەمزەكانی ئەم میللەتە بكات."

هەواڵی پەیوەندیدار