خۆپێشاندەرانی خورماڵ دەڵێن: دەبێ سێ بەرپرسی ئیداری دەست لە کار بکێشنەوە.. پارێزگار: داواکارییەکان تاوتوو دەکەین

ھەڵەبجە-KDP.info- دوای ئەو زنجیرە خۆپێشاندانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام دران و دواتر سنووری پارێزگای ھەڵبجەیشی گرتەوە، دوو رۆژە لە خورماڵ خۆپێشاندانە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەرێوەبەری ناحیە و سەرۆکی شارەوانی و بەرێوبەری ئاو دەکەن، پارێزگاری ھەڵەبجەیش دەڵێت، لەگەڵ خۆپێشاندەراندا کۆ بووینەتەوە و ئەو داواکارییە تاوتوو دەکەن.
پارێزگاری ھەڵەبجە (عەبدوڵا نەورۆڵی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو خۆپێشاندانانەی دەکرێن بۆ خزمەتگوزاریە، لەوانە ئاو و کارەبا و تەواونەبوونی پڕۆژەکان و بێکاری، خۆی لەخۆیدا ئەو خۆپێشاندانانە ئاسایی نین، بەڵام بوونەتە ئاسایی."
(عەبدوڵڵا نەورۆڵی) گوتیشی، "ئێمە ئێستا لە خورماڵ دەگەرێینەوە، کە ماوەی دوو رۆژە خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن و ئێمەش لەگەڵیاندا دانیشتین و کۆمەڵێک داواکارییان ھەبوو، لەوانە ئاو و کارەبا، پرۆژەکان و دەستلەکارکێشانەوەی بەرێوبەری ناحیە و بەرێوبەری ئاو و سەرۆکی شارەوانی، ئێمەیش پێمان وتن ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت بۆتانی جێبەجێ دەکەین."
پارێزگاری ھەڵەبجە گوتیشی، لە دوێنێوە و لە دوای بەرێوەچوونی خۆپێشاندان و ئەو سێ بەرپرسەی خەڵک داوای دەستلەکارکێشانەوەیان دەکەن، نەچوونە بۆ دەوام."
(نەورۆڵی) ڕوونیشی کردەوە، "بۆ لادارنی بەرێوبەری ناحیە و بەرێوبەری ئاو و سەرۆکی شارەوانی، زۆر پێداگر بوون و گوشاری زۆریان لە ئێمە کرد کە لایان بدەین، بۆیە ئێمەش بۆ لەبەرچاوگرتنی داواکاریی خەڵک، دانیشتن ئەنجام دەدەین و ئەو داواکارییە تاوتوو دەکەین."
بڵند ئیبراھیم




