٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكانی خورماتوو، رەوشی ئەمنی خراپتر بووە

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو دەڵێت، كوشتن و تیرۆر و رفاندن لە ناوچەكە بەردەوامە و لە دوای رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكانیش، دۆخی ئەمنی خراپتر بووە و رۆژ بە رۆژیش خراپتر دەبێت.

(فارووق ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو، بە KDP.infoـی راگەیاند: "كوشتن و تیرۆر و رفاندن لە شارۆچكەی خورماتوو بەردەوامە و، هەر دوێنێ چەند چەكدارێكی نەناسراو تەقەیان لە دوو برا كرد لە گەڕەكی سەربازی، لە ئاكامدا یەكێك گیانی لە دەست دا و ئەوەی دیكەیش بریندار بوو".
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو گوتیشی، ئەو رێككەوتنەی ماوەیەك پێش ئێستا لە نێوان لایەنەكاندا بۆ باشتركردنی رەوشی ئەمنیی شارەكە ئەنجام درا، تەنیا نووسینی سەر كاغەز بوو و هیچی جێبەجێ نەكراوە، بگرە لە دوای رێككەوتنەكە دۆخەكە زۆر خراپتر بووە و رۆژ بە رۆژیش خراپتر دەبێت.
(فارووق ئەحمەد) ڕوونیشی كردەوە، لە دوای تەقینەوەی ناو مەلەوانگەكە كە ماوەیەك پێش ئێستا ئەنجام درا و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان كوژران و بریندار بوون، كوشتن و رفاندن زیادی كردووە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو گوتیشی، ئەو كوشتن و رفاندنە زیاتر لە نێوان سوننە و شیعەكاندا هەیە و پێش دوو رۆژیش تەرمێكی ئەندامێكی عەسائیب ئەهلولحەق لە یەكێك لە گەڕەكەكان دۆزراوەتەوە.
ئەوەیشی خستە ڕوو، كورد تاوەكو ئێستا وەكو سوننە و شیعە زەرەرمەند نەبووە لە ڕووی كوشتن و رفاندنەوە، بەڵام زیانی زۆری ماددی بەر كەوتووە.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار