فازل بەشارەتی: داواکاریی خۆپێشاندەران ڕەوان، پشتگیرییان لێ دەکەین

ھەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە دەڵێ، خۆپێشاندانەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە بۆ کۆمەڵێک داواکارین کە مافی خۆیانە و، داواکاریی رەوان و پشتگیرییان لێ دەکەین؛ بۆیە پێویست بوو بەرپرسانی ئیدارەی ناوچەکە پێشتر داواکاریی ھاووڵاتیانیان لەبەرچاو بگرتایە.
(فازل بەشارەتی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو زنجیرەخۆپێشاندانەی کە سنووری پارێزگای سلێمانییان گرتووەتەوە بۆ کۆمەڵێک داواکارییە کە ھەموویان رەوان و، پشتگیرییان لێ دەکەین؛ ھەر ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە لە قەزای شارەزوور خۆپێشاندان دەستی پێکردووە و کۆمەڵێک داواکارییان ھەیە، لەوانە کردنەوەی پارک و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کۆلێژێک. لە ڕاستیدا ئەمانە هەموویان داواکاریی ڕەوان و ناکرێت پشتگیری لە وەها داواکریێک نەکەیت کە مافی سەرەتایی خەڵکن."
ئەو بەرپرسەی پارتی لە ھەڵەبجە گوتیشی، دوێنێ لە خوورماڵیش ناڕەزایەتیی هاووڵاتیان ھەبوو و ئەمڕۆش دەبێت و، دوێنێ بەرێوبەری ناحیە و سەرۆکی شارەوانییان ناچار کرد دەست لە کار بکێشنەوە، بەڵام بەرێوبەری ناحیە تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە دەست لە کار بکێشێتەوە.
هۆکاری ئەو زنجیرە خۆپێشاندانانە و ناڕەزایەتییەی هاووڵاتیانی ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەڤەری هەڵەبجە، بە باوەڕی (بەشارەتی) بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری دەگەرێتەوە لەو ناوچانەدا، ئەو دەریاچەی دەربەندیخان وەک نموونە دەخاتە بەر باس و دەڵێت، ئەگەر بتەقێت شارەزوور و دەربەندیخان دەبات، بەڵام خەڵکەکە ئاو نییە بیخواتەوە، بۆیە پێویست بوو پێشوەخت بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکە داواکاریی ھاووڵاتیانیان لەبەرچاو بگرتایە و گفتوگۆیان لەسەر بکردایە. تا کار نەگەیشتبایە ئاستی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی جەماوەری، کە دواجار بە هۆیانەوە هەر هاووڵاتییە زیانبار دەبێ."
بڵند ئیبراھیم




