دەمیرتاش: ئاشتی دەستەبەر بکەین، گیانلەدەستدانی لاوانمان رادەگرین

ئانکارا-KDP.info- (سەڵاحەدین دەمیرتاش) گوتی: "چۆن دواکەوتن لە بانگھێشتی ئاشتی دەبێت؟، ئەگەر ئەمڕۆ ئاشتی دەستەبەر بکەین ئەوا بەیانی ئەگەری گیانلەدەستدانی لاوانمان رادەگرین، ئێمە کەی بانگھێشتی شەڕمان کردووە؟".
(سەڵاحەدین دەمیرتاش) لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی پارتەكەی و بەشێك لە پەرلەمانتاران سەردانی ناوەندی گشتیی پارتیی سۆسیالیستی ستەملێكراوانیان كرد و سەرەخۆشی خۆیان بەھۆی كۆكوژی سروچەوە راگەیاند.
(دەمیرتاش) لە دوای تەواوكردنی وتەكانی، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
رۆژنامەنووسێك بە (دەمیرتاش)ـی گوت 'ئەو پێشتر بە پەكەكەی گوتبوو دەست لەسەر پلاپیتی چەكەكانتان ھەڵگرن و، بەشێك لە لایەنەكان بەرامبەر ئەمە ئاماژەیان بەوە دابوو كە (دەمیرتاش) دواكەوتووە لەم لێدوانە'. (دەمیرتاش) لە وەڵامدا گوتی: "چۆن دواكەوتن لە بانگھێشتی ئاشتی دەبێت؟، ئەگەر ئەمڕۆ ئاشتی دەستەبەر بكەین، بەیانی ئەگەری گیانلەدەستدانی لاوانمان رادەگرین، ئێمە كەی بانگھێشتی شەڕمان كردووە؟ ئەوان دەڵێن ئێوە دوا كەوتوون لە بانگھێشتی ئاشتی، ئێمە شەڕمان ھەڵنەگیرساندووە و شەڕمان نەویستووە، ئێمە ھەمیشە بەرگریمان لە ئاشتی كردووە، ئاك پارتی دەڵێت 'تا مانەوەی دواتیرۆریست، ئۆپەراسیۆنەكان لە قەندیل بەردەوام دەبێت'. ئێمە بانگھێشتی ئەوە دەكەین كە چەكەكان بێ دەنگ بكرێن، ئایا ھیچ شتێك لەوە ئاشكراتر ھەیە؟ چەكەكان بێدەنگ دەكرێن و خەڵك ناكوژرێت".
"ئێمە باڵی سیاسیی كەجەكە نین".
(دەمیرتاش) گوتیشی: "ھیچ روونكردنەوەیەكی كەجەكە بە ناوی ھەدەپەوە نییە. ھاوكات ھیچ روونكردنەوەیەكی ھەدەپەیش پەیوەندی بە كەجەكەوە نییە".
لە دوای ئەمەیش لێدوانی سەرۆکكۆماری توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) وەبیر (دەمیرتاش) ھێنرایەوە بەوەی كە گوتبووی "توركیا ناگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان"، لەم بارەیەوە (دەمیرتاش) گوتی: "دارستانەكان دەسووتێنرێن و گوندەكانی شرنەخ چۆڵ دەكرێن، چەند ناوچەیەك لە دێرسیم وەك ناوچەی سەربازیی راگەیەنراوە، ھەموو رۆژێك تەرمی كوژراوان دێتەوە، بارھەڵگر و ئۆتۆمبێڵەكان دەسووتێنرێن، چۆن نەگەڕاوینەتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان، ئاك پارتی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ساڵانی نەوەدەكان ھەوڵی زۆر دەدات. بەڵام پێویستە ئەوە لەبیر نەكەین كە ھیچ ژینگەیەكی سیاسی لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بگەڕێتەوە ساڵانی نەوەدەكان".
(دەمیرتاش) لە بارەی راگەیاندنی چەند ناوچەیەك بە ناوچەی سەربازی گوتی: "بەڵی حكوومەت ھەنگاو بە ھەنگاو دەیەوێت باری نائاسایی بخاتەوە بەركار".
"ئانادۆڵو"




