ئەمهریکا له هاوکارییە سەربازى و مرۆییەکانی بۆ هەرێمى کوردستان بهردهوام دهبێ

واشنتن-KDP.info- (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لهگهڵ ژمارەیەک لە گەورەبەرپرسان لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیی ئهمهریكا لە کۆشکى سپى، وەزارەتى بەرگرى، وەزارەتى دەرەوە و ئەندامانى کۆنگرێسى ئەمهریکادا كۆ بووهوه دهربارهی زیادکردنى هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانیان بۆ هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان، گفتوگۆی لهگهڵیاندا كرد.
لە سەردانەکەیدا کە (بەیان سامى عهبدوڕهحمان) نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمهریکا یاوەرى بوو، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرس و کەسایەتییەکان لە هەریەک لە دامەزراوە هزرییەکان و ئەکادیمی و سەنتەرەکانى توێژینەوە و دامەزراوە میدیاییەکانى ئەمهریکا کۆ بووەوە.
(فەلاح مستەفا) وێراى سوپاس و پێزانینى بۆ حکوومەتى ئەمهریکا لە بەردەوامیى هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانیان بۆ هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لە رووبەرووبوونەوەکانیان لە دژى چەکدارانى داعش، ئاماژەى بە ئاستەنگەکانى بەردەم حکوومەتى هەرێمى کوردستان کرد لە بەدەمەوەچوونى پەنابەرانى ناو هەرێم و زاڵبوون بەسەر قەیرانە داراییەکان کە رووبەرووى هەرێم بووهتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، داواى هاوکارى و یارمەتیى زیاترى لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمهریکا کرد بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە.
(فەلاح مستەفا) لە کۆشکى سپییش چاوى کەوت بە (د. رۆبەرت مالى) بەرپرسى یەکەم لە دۆسیەى ئێران و عێراق و سووریا و وڵاتانى کەنداو لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتمانیى ئەمهریکا کەوت و هەردوولا باسیان لە چۆنیەتیى بەرەنگاربوونەوەى چەکدارانى داعش و یارمەتییەکان بۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان و ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانى چەکى قورس و مامناوەند کرد. لەم بارەیەوە، (د. رۆبەرت مالى) پشتگیریى خۆى بۆ داواکارییەکانى سەرکردایەتیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ یارمەتیدانى هێزى پێشمەرگە کردەوە بۆ بەرگریکردن لە هەرێمى کوردستان.
پاشان، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت ئامادەى کۆبوونەوەیەک بوو لەگەڵ خاتوو (ئەلیسا سلۆتکین) جێگرى یاریدەدەرى سکرتێرى گشتیى بەرگرى و کاروبارى ئاسایشى نێودەوڵەتى و جەنەڕال (میکائیل فانتینى) سەبارەت بە چۆنیەتیى هەماهەنگیکردن لە نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئەمهریکا لە رووى پرسە ئاسایشیەکانەوە وەکو هاوپەیمانێکى سەرەکیى ئەمهریکا بۆ رووبەرووبوونەوەى هێزە چەکدارەکانى داعش لە ناوچەکەدا.
هەر لەمیانەى چاوپێکەوتنەکانیدا بۆ ئەمهریکا، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت سەردانى وەزارەتى دەرەوەى ئەمهریکاى کرد و چاوى بە ژمارەیەک لە گەورەبەرپرسانى ئەو وڵاتە کەوت، لەوانە (تۆم ماینۆسکى) یاریدەدەرى سکرتێر بۆ دانیشتووان و یاریدەدەرى سکرتێر بۆ پرسى دیموکراسى و خاتوو (ئان ریچارد) بۆ پرسى کۆچ و پەنابەران کەوت. لە چاوپێکەوتنەکەدا ئامادەبووان ستایشى ڕۆڵى حکوومەتى هەرێمى کوردستانیان کرد لە یارمەتیدانى ژمارەیەکى بەرچاو لە پەنابەرانى ناوخۆیی و دەرەکى بەبێ جیاوازیکردن لە نەتەوە و ئایین و ڕەگەزەوە.
پاشان، کۆبوونەوەیەکى کورتى لەگەڵ (میشێل دێلێنى) نوێنەرى بارزگانى ئەمهریکا ئەنجام دا و هەردوولا باسیان لە هەماهەنگى دوو قۆڵى نێوان هەردوولا لەسەر پرسە بازرگانییەکان کرد. لەلایەن خۆیەوە، نوێنەرى بازرگانى ئەمهریکا هەرێمى کوردستانى تا ئێستایش بە شوێنیکى لەبار زانى بۆ بازرگانیکردن سەرەڕاى بوونى قەیرانە سیاسى و ئاسایشیەکانەوە لە ناوچەکەدا.
لەکۆتایدا، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت کۆیایی بە سەردانەکەى بە ئەنجامدانى زنجیرەک کۆبوونەوەى تر هێنا لەگەڵ هەریەک لەگەڵ بەرپرسانى کۆنگرێس و بەرپرسان و دامەزراوە هزری و ئەکادیمییەکان و دامەزراوە دیموکراتییەکان و کاندیدە سەرەکییەکانى سەرۆکایەتیى ئەمهریکا بە تایبەتى سیناتۆر (راند پاوڵ) کە تیایدا دۆخى هەنووکەیی سیاسى و ئاسایشى و دارایی و پێشڕەوییەکانى هێزى پێشمەرگە و پرسى تیڕۆر و ئاوارە ناخۆیی دەرەکییەکان بە روونى باسى لێوە کرا.




