٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هه‌رێم وەڵامی سەرنجەكانی لیژنەی قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدانی دایه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info)-لەمیانەی چالاكییەكانی (55)مین خولی لیژنەی قەڵاچۆكردنی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان بۆ گفتوگۆی تایبەت بە عێراق، لیژنەكە چەندین سەرنج و پرسیاری دەربارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ و هەوڵەكانی نەهێشتنی و بنبڕكردنی ئەشكەنجەدانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری هەوڵەكان بێت. سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان دكتۆر (دیندار زێباری) وه‌ڵامی گشت سه‌رنج و پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌.
له‌ میانی به‌شداری له‌ 55ـەمین خولی لیژنه‌ی قه‌ڵاچۆكردنی ئەشکەنجە، وه‌ڵامی گشت ئه‌و سه‌رنج و تیبینیانه‌ی دایه‌وه‌ كه لیژنه‌ی نه‌هیشتنی قه‌ڵاچۆكردنی ئه‌شكه‌نجه‌دان تایبه‌ت به ‌هه‌رێم هه‌یبوو‌.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستان (د. دیندار زێباری) جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی ئەو سەرنج و تێبینیانەی تایبەتن بە هەرێمی كوردستان پێشكەش بە لیژنەی ناوبراو كرد و گشت هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو كە تا ئێستا نراون لەم بوارەدا.
لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری ڕوونی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە هاوكاری و هەماهەنگی ئاژانسەكانی یوئێن و ڕێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكان بووە بۆ ئەوەی سەردانی بنكەكانی ڕاگرتن و گواستنەوە و چاكسازییەكان بن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی زیندانیان و تاوانبار و گومانلێكراوان بن.
گوتیشی: "لە شاری هەولێر بنكەیەكی نوێی چاكسازیی كراوەتەوە بەپێی ستانداردی جیهانی و ئێستا سزادراوان گوزاراونەتەوە بۆ ئەو بنكەیە بەمەش كێشەی نەبوونی جێگا و قەرەباڵغی لە بنكەكان چارەسەر كراوە و تا ئێستا ئاژانسەكانی یوئێن و ڕێكخراوەكان بە هاوكاری دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان 53 جار سەردانی بنكەكانی ڕاگرتنیان لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كردووە و لە نزیكەوە بەندكراوەكانیان بینیوە، هەروەها لە ساڵی 2015 زیاتر لە 520 كارمەندی بەندیخانەكانی ئاسایش و ئەفسەران  لە خولی مەشق و ڕاهێنان بەشدارییان كردووە دەربارەی چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ بەندكراوان لەكاتی هێنانیان بۆ ئەو بنكانە، چونكە بەندكراوانی ئاسایش ماوەی 15 ڕۆژ لەژێر لێكۆڵینەوەدا دەبن و تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی ئەشكەنجەدان لەژێر لێكۆڵینەوە ئەنجام نەدراوە دژ بە ڕاگیراوان و سزا دراوان."
د. دیندار زێباری ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تا ئێستا بە سەدان ڕاگیراو سوودمەند بوون لە یاسای لێبوردنی گشتی.
سەبارەت بە سزای لە سێدارەدان وتی: ئەو یاسایەی كە سزای لە سێدارەدان ناهێڵێت ئێستا لە لێكۆڵینەوەدایە و گفتوگۆی بەردەوام ئەنجام دەدرێت بۆ لابردنی تەواوی ئەم سزایە، بەڵام لە ئەپریلی ساڵی 2006 پەرلەمانی كوردستان یاسای تیرۆری پەسەند كردووە.
زێباری ئەوەشی ئاشكرا كرد كە دوای تاوانە دڕندەكانی داعش 322  گومانلێكراو بە تۆمەتی بەشداری كردن لە تیرۆر و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی دەستگیر كران لە بنكەكانی ڕاگرتن لە ئاساییش و دوای لێكۆڵینەوە 83 كەسیان ئازادكران و لەكاتی لێكۆڵینەوەدا گشت مافەكانیان پارێزراو بوو تەنانەت وەرگێڕیشیان بۆ دابینكرا ئەمەش نیشانەی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و پاراستنی مافی گیراوەكانە.
سەبارەت بە مانەوەی ڕاگیراوان لە بنكەكانی ڕاگرتن بەر لە دادگایی كردنیان زێباری وتی: لە ماوەی 24 كاتژمێردا تاوانبار دەبردرێتە بەردەم دادوەر و بۆ ئەم مەبەستە دادگای تایبەتی لێكۆڵینەوە لەلایەن وەزارەتی دادەوە دانراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە بەندیخانە و بنكەكانی ڕاگرتن، هەروەها یاسای قەرەبوو كردنەوەی ڕاگیراوان هەیە و قەرەبووی ئەو كەسانە دەكاتەوە كە بسەلمێندرێ بەبێ تاوانی گیراوان یان مامەڵەی خراپیان لەگەڵ كراوە، هەروەها شوێنی بەندكردنی نەوجەوانان و گەوران جیایە و بە هیچ شێوەیەك لە یەك بەندیخانەدا نین، ئاماژە بۆ ئەوەش كرد یۆنامی یارمەتییەكی زۆری حكوومەتی هەرێمی داوە بۆ پەرەپێدانی سیستمی دادوەری و لەم ڕووەوە مەشق و ڕاهێنان بە دادوەران كراوە بۆ دابینكردنی هۆكارەكانی  بنیادنانی سیستمێكی دادپەروەرانە و شەفاف لە كوردستان.
سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە بارەی بنكەكانی ڕاگیران و گواستنەوە، گوتی: "وەزارەتی ناوخۆی 5 بەندیخانەی دروست كردووە لە هەولێر و سۆران و ئاكرێ و زاخۆ و كەلار، هەروەها وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە هەوڵدایە بۆ دروستكردنی دوو بنكەی چاكسازی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان لە هەولێر و سلێمانیدا و، تا ئێستا %75ـی كارەكەیان تەواو بووە."
زێباری سەبارەت بە ئێزیدییە ڕفێندراوەكانی لەلایەن داعشەوە گوتی: زیاتر لە 5000 ئافرەت و منداڵ و پیاوی ئێزدی لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێندرابوون، بە هەوڵەكانی حكوومەتی كوردستان توانرا 288 پیاو و 670 ئافرەت و 763 منداڵ ئازاد بكرێن و هەوڵەكانیش بەردەوامن لەم بارەیەوە و حكوومەتی هەرێم بودجەیەكی تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە ئامادە كردووە و هەر كەسێك ئافرەتێك ڕزگار بكات یان زانیاری بدات بۆ دۆزینەوە و ئازاد كردنی حكوومەتی هەرێم بڕی 2000 دۆلاری پێشكەش دەكات، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش دوای ئازادكردنی چیای شنگاڵ توانییان 500 كەس كە لەسەر چیا لەلایەن داعشەوە گەمارۆ درابوون ڕزگار بكات و لە كەمپەكانی نیشتەجێیان بكات و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكات."
سەبارەت بە پاراستنی مافی ئافرەتان، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی گوتی: "لە ساڵی 2002 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 409ی یاسای سزای عێراق هەموار كرد و تاوانی كوشتنی بە بیانووی شەرەفی بۆ زیاد كرد و بە تاوانی كوشتنی بە ئەنقەستی دانا، هەر لەم بارەیەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007 بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی دامەزراند كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە بۆ پاراستنی زیاتری مافی ئافرەتان و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە شوێنیان نییە، و لە ساڵی 2010 بەڕێوەبەرایەتییەكە فراوانتر كرا و ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە پاراستنی ئافرەتان و ئێستا پێكدێت لە بەڕێوبەرایەتی گشتی و 6 بەڕێوەبەرایەتی و 26 نووسینگەی ڕاوێژكاری خێزانی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و باڵاخانەی تایبەتیان هەیە، هەروەها هێڵێكی گەرم بە ژمارە 199 بە خۆڕایی تەرخان كراوە بە مەبەستی ئاگادار كردنەوەی دامودەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ لە بوونی هەر پێشێلكارییەك دژ بە ئافرەتان.
زێباری ئەوەشی خستەڕوو كە ئەنجوومەنی باڵای خانمان لە 19/9/2012 پلانێكی نیشتمانی ڕاگەیاندووە بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و ئێستا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ فراوان كردنی شەلتەرەكان و دابینكردنی گشت پێداویستییەكانیان بۆ یارمەتیدانی زیاتری ئەو ئافرەتانەی  ڕووی تێدەكەن، لەلایەكی دیكەوە و هەر سەبارەت بە پاراستنی زیاتری مافی ئافرەتان ڕێژەی كۆتای بەشداری كردنی ئافرەتان لە پەرلەمان لە 25% بەرز كراوەتەوە بۆ 30%.

هەواڵی پەیوەندیدار