"لەسەر حكوومەتی عێراق پێویستە قەرەبووی شنگال بكاتەوە.. ئەوان هۆكاری هاتنی داعش بوون"

دهۆك-KDP.info- ئێزدییەكان دەڵێن، پێویستە هەرچی زووە ئەو كارەساتەی بەسەر خەڵكی شنگالدا داهاتووە، بە جینۆساید بناسرێت، هەروەها لەسەر حكوومەتی عێراقیش پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی خەڵكی شنگال بكاتەوە.
(هادی دوبانی) بەرپرسی كاروباری ئێزدییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی پارێزگای دهۆك، بە KDP.infoـی راگەیاند، بە هۆی ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە، زیاتر لە 600 هەزار ئێزدی ئاوارە بوونە و 5 هەزار و 838 كوردی ئێزدییش ڕفێنراون، تا ئێستا لەو ڕێژەیە تەنیا 2014 كەس ئازاد كراون، هەروەها زیاتر لە 1280 كەس شەهید بوون و پتر لە هەزار كەسی دیكەیش بێسەروشوێن بوونە، ئەمە جگە لە دۆزرانەوەی 10 گۆڕی بەكۆمەڵ و تەقاندنەوەی 18 پەرستگە و مەزارگەی ئێزدییەكان.
(دوبانی) ئاماژەیشی دا، بە داخەوە حكوومەتی عێراق لە ماوەی ئەو ساڵەدا هیچی بۆ ئێزدییەكان نەكردووە، كارەساتی شنگال زۆر گەوەرەیە و پێویستە هەموو لایەنەكان هەوڵی جیددی بدەن بۆ ئازادكردنی ئەو كەسانەی كە تا ئێستا لە چنگ تیرۆریستانی داعشدا ماون.
گوتیشی: "وەك ئێزیدی داواكارین هەرچی زووە ئەو كارەساتەی بەسەر خەڵكی شنگالدا داهاتووە، بە جینۆساید بناسرێت، هەروەها لەسەر حكوومەتی عێراق پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی خەڵكی شنگال بكاتەوە، چونكە ئەو هۆكاری هاتنی داعش بوو بۆ بەشێك لە خاكی كوردستان".
رابین شێروانی




