ئێزدییەكان داوای یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكان دەكەن.. ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنن

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال ڕایگەیاند، وەك ئێزدی پەیامیان لەو رۆژەدا ئەوەیە كە هەموو گەلی كورد و لایەنەكان یەك بگرن و یەكهەڵوێست بن بۆ ئەوەی بەیەكەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش و دوژمنانی گەلی كورد ببینەوە. دەشڵێت، تیرۆریستانی داعش ترسی گەوریان هەبوو ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە هێرشیان بكاتە سەر، بۆیە لە دوێنێوە لە ئامادەباشیدان.
(قاسم دربۆ) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، بە KDP.infoـی راگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێكی كارەساتبارە بۆ هەموو گەلی كورد كە یادی كارەساتی شنگالە، بۆیە ئێمە پەیاممان لەو رۆژەدا ئەوەیە كە هەموو گەلی كورد و لایەنەكان یەك بگرن و یەكهەڵوێست بن بۆ ئەوەی بەیەكەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش و دوژمنانی گەلی كورد ببینەوە و جارێكی دیكە كارەساتی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە".
(دربۆ) گوتیشی: "بە هەوڵی (سەرۆك بارزانی) و هێزەكانی پێشمەرگە تاوەكو ئێستا توانراوە ٧٥%ـی خاكی شنگال لە دەست داعش رزگار بكرێت و لەناو سنەتەری شارۆچكەی شنگالیش چەندین گەڕەكی گەورە ئازاد كراون و پلانی باش هەیە بۆ ئازادكردنی شنگال بە تەواوەتی و گەرانەوەی خەڵكی شنگال بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
ئەو فەرماندەی هێزی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، لە دونێوە تیرۆریستانی داعش ترسێكی گەوریان لێ نیشتووە و كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و هێزیان كۆ كردووەتەوە، چونكە ترسیان هەبوو لەو ڕۆژەدا هێزی پێشمەرگە هێرشیان بكاتە سەر.
هاوكات (قاسم سمێل) فەرماندەی پێشمەرگە لە چیای شنگال، بۆ KDP.info دەڵێت: "داوای سەرەكیی كوردانی ئێزدی ئەوەیە كە ئەو كەسانەی كەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكرێن، هەروەها شنگالیش ئازاد بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكەكەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
گوتیشی: "ئێمە وەك كوردانی ئێزدی زۆر سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەین كە شەو و رۆژیان بۆ ڕزگاركردنی ئێزدییەكان خستووەتە سەر یەك، سەرۆكی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە 5 مانگ لەبەر خاتری كوردانی ئێزدی لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بوو، توانی ڕووبەڕێكی زۆری سنووری شنگال لە دەستی تیرۆریستان رزگار بكات".
(قاسم سمێل) ئاماژەیشی دا: "هاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سەر چیای شنگال لەو رەوشە ناخۆشەدا، هێز و توانایەكی دیكەی دایە كوردانی ئێزدی، ئێمە وەك كوردانی ئێزدی تا ماوین سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین".
بڵند - ڕابین




