زیاتر لە سێهەزار كەیسی قوربانیانی دەستی داعش تەواو بووە

بەغدا-KDP.info- دادوەری دەستەی لێكۆڵینەوەی جینۆساید لە پارێزگای دهۆك دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە سێهەزار كەیسی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە كوردانی ئێزدی تەواو بووە و، نزیكەی 500 كەیسی دیكەیش لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
دادوەر (ئەیمەن مستەفا محەممەد) دادوەری دەستەی لێكۆڵینەوەی جینۆساید لە پارێزگای دهۆك، بە KDP.infoـی راگەیاند: "لە دوای كارەساتی جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی، تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار كەیسی قوربانیان و زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆریستانی داعش هاتووەتە تەواوكردن لەلایەن دەستەكەمان و، نزیكەی 500 كەیسی دیكەیش لە ژێر لێكۆڵینەوەدان، كە ئەم كەیسانەیش جۆراوجۆرن و لەنێویاندا هەیە كەیسی گۆڕەبەكۆمەڵەكانە، هەروەها هەوڵدانی كوشتن و ئەشكەنجەدانی كەسوكاری مردووان و دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەتان و.. هتد".
(ئەیمەن) گوتیشی:" 18 گۆری بەكۆمەڵ لە سنووری شنگال و گوند و كۆمەڵگاكانی دەوروبەری دۆزراونەتەوە، لەوانەیش 7 گۆڕی بەكۆمەڵ كاریا لەسەر كراوە، بەڵام 11 گۆڕی دیكە ماون كە لەبەر پرسی ئەمنی كاریان تێدا نەكراوە، چونكە شوێنەكان نزیكن لە سەنگەرەكان یاخود هاوسنوورن و نزیكن لە تیرۆریستانی داعش".
ئەو دادوەرەی دەستەی لێكۆڵینەوەی جینۆساید لە پارێزگای دهۆك زیاتر ڕوونی كردەوە: "مانگانە ڕاپۆرتی خۆمان پێشكەش بە لیژنەی باڵای ناساندنی جینۆساید دەكەین و (كاك مەحموود و فەلاح مستەفا) ئەوانیش لای خۆیان لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی كاری لەسەر دەكەن، تا ئێستایش كاری زۆریان ئەنجام داوە بۆ ئەم پرسە و ناساندنی وەكو جینۆساید لەلایەن دادگای نیودەوڵەتی لاهای و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە، هەروەها كاریش بۆ هێنانی رێكخراوەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكەن، لەوانە رێكخراوی J.R.R و C.I.J.A كە شارەزاییەكی زۆریان لەو بوارەدا هەیە، چونكە پێویستیمان بە شارەزایی و هاوكاریی ئەوانە".
نەشوان بەرزنجی




