نوێنەرانی كورد لە بەغدا داواكارن كار بۆ رزگاركردنی كچان و ژنانی ئێزدی بكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆككۆماری عێراق، سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران یادی كارەساتی شنگال كرایەوە و فڕاكسیۆنە كوردییەكانیش داوایان كرد، كار بۆ ئازادكردنی شنگال و كچان و ژنانی ڕفێندراو بكرێت.
(بەنگین مزووری) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە KDP.infoـی راگەیاند: "لەو مەراسیمەدا كە بە بۆنەی ساڵێك تێپەڕبوون بەسەر كارەساتی شنگال ساز دارا، فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان داوایان كرد شنگال ئازاد بكرێت، هەروەها حكوومەتی عێراق پشتگیریی پێشمەرگە بكات و كار بۆ ئازادكردنی كچ و ژنانی ئێزدی بكرێت لە چنگ تیرۆریستانی داعش".
(مزووری) گوتیشی: "ئەوەی من ئاگادارم حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر هەوڵی داوە بۆ ئازادكردنی رفێندراوەكان و پارەیش تەرخان دەكات ئەو كچ و ژنانەی كوردانی ئێزدی كە كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت، رزگاریان بكات".
بڵند ئیبراهیم




