كار لەسەر گواستنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان و چەند وەزارەتێك دەكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆی لە بارەی پڕۆژەیاسای پارێزگاكان تایبەت بە جێبەجێكردنی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان و چەند وەزارتێكی خزمەتگوزار، كردووە.
(د. بێریوان خەیلانی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە KDP.infoـی گوت: "ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای پارێزگاكان ژمارە (21)ـی ساڵی 2008 كردووە كە لە 5/8/2013 هەموار كراوە و تایبەتە بە جێبەجێكردنی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان و چەند وەزارتێكی خزمەتگوزار، لەوانەیش وەزارەتەكانی (تەندروستی، شارەوانی، كشتوكاڵ، پەروەردە، بازرگانی، دارایی، سەرچاوەكانی ئاو)، لە گفتوگۆكانیشدا زۆرێك لە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و وەزارەتەكانی تەندروستی و شارەوانی و وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پارێزگاكان و بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتەكانی دیكە ئامادە بوون و دانیشتمان كردووە، هەروەها گوێبیستی دانانی میكانیزمی چۆنیەتیی گواستنەوەی دەسەڵات بووین بۆ پارێزگاكان و بۆمان دەركەوت كە زۆربەی لایەنە پەیوەندارەكان ئارەزوویەكی زۆریان هەیە بۆ وەرگرتنی ئەم دەسەڵاتە، تەنیا هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و تەندروستی دیدگای جیاجیایان هەبوو، چونكە پێیان باش بوو ئەم دەسەڵاتە بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاو بگوازرێتەوە بە مەبەستی دڵنیابوون لە راست و دروستی لە جێبەجێبوونیدا".
(خەیلانی) گوتیشی: "پڕۆژەیاسای پارێزگاكان تایبەت بە گواستنەوەی دەسەڵات لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە و لە ئێستادا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و چاوەڕوان دەكرێت لە دانیشتنەكانی داهاتوودا پەسەند بكرێت".
نەشوان بەرزنجی




