٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ كارەساتی شەنگال ئه‌مرۆ سه‌عات 10 حكوومەتی هەرێم ‌ دوو خولەك بێ دەنگی دەنوێنێ

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info- بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كارەساتی شەنگال كە تێیدا تیرۆرستانی داعش ئەو شارەیان داگیركرد و ژمارەیەكی یەكجار زۆری خەڵكی دەڤەرەكەیان بە تایبەتی لە كوردانی ئێزدی جینۆساید و دەستگیر كرد و بە هەزاران كەسی دیكەشیان ئاوارە و دەربەدەر كرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی ڕاگەیاند كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەبۆنەی ساڵوەگەڕی داگیركردنی شاری شەنگال و دەوروبەری لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە كە لە رۆژی 3/8/2014 تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر ئەو شارە و گوندەكانی دەوروبەری و بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی دەڤەرەكەیان بە تایبەتی كوردانی ئێزدی جینۆساید و دەستگیر كرد و بە هەزارانی دیكەشیان ئاوارە و دەربەدەر كرد، لەم ڕۆژە خەمناكەدا هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆمان بۆ كەس و كاری شەهیدان و جینۆسایدكراوانی ئەو كارەساتە ڕادەگەیەنین.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەكی باش لە هەوڵەكانی بۆ ڕزگاركردنی ئەو خوشك و برا ئێزدیانەی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە رفێنراوان، سەركەوتوو بووە و لە هەوڵەكانیشی بەردەوام دەبێت بۆ ڕزگار كردنی ئەوانەی تا ئێستا لە دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون. لەلایەكی دیكەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كاری زۆری كردووە بۆ بە جینۆساید ناساندنی كارەساتی شەنگال و لە هەوڵەكانی بەردەوامە و لەمبارەیەشەوە چی پێویست بێت دەیكات. جەختیش لەوە دەكەینەوە كە بە هەموو شێوەیەك لە هاوكاریی كردنی ئەو ئاوارانە بەردەوام دەبێن كە ئێستا لە دەڤەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان لە ناو كەمپەكاندا ژیان بەسەر دەبەن.

جێگەی خۆیەتی دەستخۆشیی لە پێشمەرگە قارەمانەكان بكەین كە بەوپەڕی نەبەردی و ئازایەتییەوە لە ڕزگار كردنی ئەو دەڤەرانەی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە داگیركرابوون، بەردەوامە و ڕووبەڕێكی فراوانی ئەو دەڤەرانەی لە دەستی تیرۆر ڕزگار كردووە و بەهیوای ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا شاری شنگال بە تەواوەتی لە دەستی تیرۆرستان ڕزگار بكرێت و خەڵكی دەڤەرەكە بە سەربەرزی و بەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە بگەڕێنەوە سەر جێگە و ڕێگەی خۆیان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە هاوكاری كردنیان بەردەوام دەبێت.

بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان و جینۆسایدكراوان و ستەمدیدانی ئەو كارەساتە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سه‌عات 10ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی 3/8/2015 لە هەموو دەزگاكانی سەر بە حكوومەت، دوو خولەك بێ دەنگی دەنوێنرێت.

 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

 2/8/2015

هەواڵی پەیوەندیدار