" پێنج لایهنه سیاسییهكه زیاتر لێک حاڵی بوونە؛ كۆبوونهوهی دابێ، 'توركمان' و 'مهسیحی'ـیش بهشدار دهبن"

سلێمانی-KDP.info- (محەمەد حەکیم)، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە خۆیشی لە كۆبوونەوەكەدا بووە، دەڵێ لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا تێگەیشتنی سیاسی زیاتر لەنێوان لایەنەکان دروست بوو، هەروەها لایەنەکان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستیان بە کاتی زیاتر هەیە تاوەکو بگەن بە سازان.
كۆبوونەوەی پێنجقۆڵییەکەی لایەنە بەشدارەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان؛ پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی، لە بارەگاکەی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لهشاری سلێمانی كۆتایی هات.
لە كۆبوونەوەكەدا كە لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوو، لایەنەكان هاوڕابوونە كە بابەتەكە پێویستی بە گفتوگۆ و دانیشتی زیاتر هەیە. (محەمەد حەکیم)، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، بە ڕووداوی ڕاگەیاندووه كه "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ تێگەیشتنی سیاسی زیاتر لەنێوان لایەنەکان دروستبوو، هەروەها لایەنەکان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستیان بە کاتی زیاتر هەیە تاوەکو بگەن بە سازان."
هەروەها بڕیاریش دراوە لە كۆبوونەوەكانی دابێ جگە لەو پێنج حیزبە كە هەریەكێكیان تەنها نوێنەرێكیان دەبێت، پێكهاتەكانیش (تورکمان، ئاشوور و کلدان و سریانەکان) هەریەكە و نوێنەرێكیان هەبێت. لەبارەی كۆبوونەوەی داهاتووش ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ گوتی " لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت."
جێی ئاماژژهیه، كۆبوونەوەی پێنجقۆڵیی لایەنە سیاسییەكان، كه به كۆبوونهوهی ژووری عەمەلیاتی چارەکردنی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناسراوه، بە سەرپەرشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە ڕۆژی 30/7/2015 لە مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو لە هەولێر ئەنجام دا و، ئەمڕۆیش 2ی ئاب لە بارەگای كۆمەڵی ئیسلامی لە شاری سلێمانی ئەنجام درا.
دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نەگەیشتنە سازان، یەكگرتووی ئیسلامی دروستكردنی ژوورێكی عەمەلیاتی بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو پرسە پێشنیاز کرد و دواتر پێک هات.




