چوار كاروان لە ئێزیدییەكان رەوانەی دەرەوە كراون.. بەغدا هیچی بۆ نەكردوون

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەڵێت، ئەو ئێزدیانەی لە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعش ئازاد كراون، تا ئێستا چوار كاروانیانیان بۆ چارەسەر بەرەو دەرەوە بەڕێ كراون.
(خەیری بۆزانی) بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بە KDP.infoـی راگەیاند: "ساڵێك بەسەر كارەساتی جینۆسایدكردنی شنگال تێپەڕ دەبێت كە لەوكاتەوە ژمارەیەك كوردی ئێزدی لە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعش هاتوونە رزگاركردن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە رێككەوتنێك لە گەڵ حكوومەتی ئەڵمانیا تا ئێستا چوار كاروانی كوردانی ئێزدی بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی ئەو وەڵاتە كردووە كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 250 - 300 كەس كە زۆربەیان ئافرەتن و هەندێكیش لەوانە منداڵن، هەر چەندە بۆ پیاوان نییە، بەڵام بۆ ئەوانیش پێویستە و ئەوانیش تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن، ئەو بەرنامەی حكوومەتی هەرێم و ئەڵمانیایش، بەرنامەیەكی باشە بۆ خزمەتكردنی رزگاركراوەكان".
(بۆزانی) گوتیشی: "بۆ ئەوانەی ئازاد كراون و لە هەرێمن، لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی بیانی بنكەمان كردووەتەوە بۆ چارەسەركردنیان و ئەوانیش لە رووی دەروونییەوە ناساخن، هەرچەندە لە ئاستی پێویستدا نییە، چونكە هەر جارەو 8 تا 12 كەس سوود لەو بنكەیە وەردەگرن".
دەشڵێت، حكوومەتی عێراق بە پەرلەمانیشەوە، هیچ شتێكی بۆ كوردانی ئێزدی نەكردووە، لە كاتێكدا ماوەی ساڵێك بەسەر كارەساتی شنگالدا تێدەپەڕێت.
نەشوان بەرزنجی




