پهرلهمان بۆردومانکەری زارگهڵی و، تهقێنەری بۆریی نهوتی کوردستانی سهركۆنه كرد

ههولێر-KDP.info- پهرلهمانی كوردستان له ڕاگهیێندراوێكدا، هەم پەکەکەی سەرکۆنە کرد کە بۆریی نهوتی ههرێمی كوردستانی تەقاندووەتەوە، هەم تورکیای سەرکۆنە کردووە کە بە فڕۆکە، 'زارگهڵی'ـیان کوتاوە.
پهرلهمانی كوردستان له ڕاگهیێندراوێكدا كه كۆپیێكی دهست ماڵپهڕی فهرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كهوتووه، ڕایگهیاند: "بە داخەوە دوێنێشەو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، دیسان لە بناری قەندیلدا گوندی زارگەلییان بۆردومان کرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا چەند هاووڵاتییەکی لاشەڕ (سڤیل) شەهید و بریندار بوون. ئێمە لە پەرلەمانی کوردستانەوە ئەم ڕووداوە بە توندی ئیدانە دەکەین و هیچ پاساوێک بۆ ئەم بۆردومانانە بە ڕەوا نابینین، هیوادارین لەبری پەنابردن بۆ زمانی چەک و توندوتیژی، حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکاران پەنا بەرنە بەر زمانی گفتوگۆ و درێژەدان بە ڕەوتی ئاشتی، چونکە پەنابردنەبەر چەک و توندوتیژی هەموو لایەک لێی زەرەرمەند دەبن."
ههر له ڕاگهیێندراوهكهدا هاتووه كه لەلایەکی تریشەوە ئیدانەی تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتەکەی هەرێمی کوردستان، لە 'ناوچەی شرناخ'ـی کوردستانی تورکیا دەکەین، هیوادارین هیچ لایەنێک لەکاتی ململانێ سیاسی و سەربازییەکاندا پەنا نەباتە بەر زیانگەیاندن بە هۆکارەکانی بژێوی و ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. وا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی دژواردا تێپەڕ دەبێ؛ حکوومەتی عێراق بوودجەی لێ بڕیوە، تاکە ڕێی دابینکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتە لەو ڕێگەیەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان.
پهرلهمانی كوردستان دهڵێ، دیسان بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داوە لە پارتی کرێکارانی کوردستان و حکوومەتی تورکیا دەکەین، درێژە بە ڕەوتی ئاشتی بدەن و هەوڵی لێکگەیشتن و چارەسەری گرفتەکانیان بدەن، نەک پەنا بەرنە بەر زمانی توندوتیژی و چارەسەری سەربازی.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
1/8/2015




