٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەو بۆڕییه‌ نه‌وته‌ی پەکەکە تەقاندییەوە‌ قووتی خه‌ڵكی هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستانه‌"

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاساییش‌وناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، پەکەکە بە تەقاندنەوەی بۆڕییەنەوتەکەی هەرێمی کوردستان قووتی خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستای بڕیوە نەک تەنها قوتی خەڵکی باشووری کوردستان و گوتیشی، تاوانێکی گەورەیە لە کاتی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومان دەکەن، پەکەکە خۆی لەناو خەڵکی لاشەڕ (سڤیل)دا حەشار دەدات بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ببنە قوربانی.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاساییش‌وناوخۆ لەپەرلەمانی کوردستان (نازم هەرکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بەکارهێنانی سیاسەتی شەڕ لەلایەن تورکیا و پەکەکە هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە جگە لە زیان هیچ سوودێکی نییە و زیانەکەش زیاتر بە خەڵکی لاشەڕی باشووری کوردستان کەوتووە کە بینیمان هاووڵاتییەکی زۆر لە ئاكامی ئەو بۆردومانانەدا شەهید و بریندار بوونە؛ بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیه‌ هەردوو لا بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و درێژە بە پرۆسەی ئاشتی بدەن بۆ ئەوەی بگه‌نه‌ ئامانج و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، به‌م شیوه‌ی ئێستا هه‌ردوو لا شكست دێنن."
(نازم هەرکی) گوتیشی، تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە کارێکی زۆر هەڵەیە و بڕینی قوتی خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستانە، چونکە خەڵکی هەرچوار پارچەی لە هەرێمی کوردستاندا کاروگوزەرانیان هەیە، بۆیە ئەوەی کردوویەتی بڕینی قووتی خەڵکی هەرچوار پارچەی هەرێمی کوردستانە.
گوتیشی، چوونی گەریلاکانی پەکەکە بۆ ناو گوندەکان بۆ ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی بکەن تاوانێکی گەورەیە، چونکە دەبینین لە ئەنجامی خۆحەشاردانی ئەوان لە گوندەکاندا خەڵکی لاشەڕ دەبنە قوربانی.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار