هەر لێدوانێك لەبارەی پەشیمانبوونەوەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت بدرێت راست نییە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بووە، بۆیە هەموو لایەك پشتگیری لێ دەكەن، ئەوەی پشتگیرییشی ناكات، مەرامی سیاسی هەیە و ئەجێندای وڵاتێكی هەرێمی جێبەجێ دەكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان دكتۆر (عەرەفات كەرەم)، بە KDP.infoـی راگەیاند: "ئەوەی باس لەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ پاشگەز بووەتەوە، راست نییە و هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوتی خۆی، بەڵام بە هۆی تەقاندنەوەی بۆری لەلایەن پەكەكەوە، كێشەیەكی بۆ دروست بوو و ئەوەش چارە كرا و هیچ كاریگەرییەكی نەبووە، چونكە ئەو كارە لە زۆر شوێنی دیكەیش كراوە، بۆیە هەرێم بەردەوام دەبێت و بە هیچ شێوەیەك پەشیمان نەبووەتەوە".
دكتۆر(عەرەفات) گوتیشی: "بەغدا پەشمان بووەتەوە نەك هەرێمی كوردستان، بۆیە وەزیری نەوتی خۆی نارد بۆ لای سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە رێككەوتنەكە بەردەوام بێت، هەر لێدوانێكیش لەبارەی پەشیمانبوونەوەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت بدرێت، راست نییە و سیاسەتی نەوتی هەرێم سەركەوتوو بووە، ئەو لێدوانانەیش كە دراون، سیاسین و هیچ بنەمایەكیان نییە.
(كەرەم) ڕوونیشی كردەوە، هەر دوێنێ پارێزگاری كەركووك سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ لیژنەی هەرێمەكان كۆ بووەوە كە تێیدا باس لەوە كرا یاسایەك هەیە مافی زیاتر بە پارێزگاكان دەدات، كە ئەمەیش لە بەرژوەندیی هەرێمی كوردستاندایە و هەموو فڕاكسیۆنە كوردیەكانیش پشتگیری لەوە دەكەن مافی زیاتر بە پارێزگاكان بدرێت.
ئەوەیشی خستە ڕوو، سەركەوتنی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان وای كردووە هەموو لایەك بێنە سەر خەت و پشتگیریی لێ بكەن، بۆیە ئەوەی پشتگیری لێ نەكات، مەرامی سیاسیی هەیە و ئەجێندای وڵاتێكی هەرێمی جێبەجێ دەكات.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، باس لەوە دەكرێت كە بە هۆی ئەوەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت سەركەوتوو نەبووە، پاشگەز بووەتەوە و نەوتی خۆی رادەستی بەغدا دەكاتەوە.
بڵند ئیبراهیم




