هاووڵاتیان لە چەكدارانی پەكەكە بێزارن.. داواكارن سنوورێكیان بۆ دابنرێت

سۆران-KDP.info- قایمقامی رواندز دەڵێت، بە هۆی هەبوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەكەدا، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوند و ئاواییەكانی سەر سنوور بۆردوومان دەكەن، ئەمڕۆیش بەو هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، هەروەها مەترسیی ئەوەیش هەیە جارێكی دیكە توركیا ناوچەكە بۆردوومان بكات. دەشڵێت، خەڵكی ناوچەكە لە بوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناو گوند و ئاواییەكان بێزارن و، داواكارن سنوورێك بۆ ئەمە دابنرێت.
( سیروان رۆژبەیانی) قایمقامی شارۆچكەی رواندز، بۆKDP.infoگوتی: ساڵانە بە هۆی هەبوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانی، ئێستایش خەڵكی ناوچەكە دووبارە ترسیان لەوە هەیە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بێنە ناوچەكە و بۆردوومانی بكەنەوە".
گوتیشی: "خەڵكی ناوچەكە لە بوونی چەكدارانی پەكەكە لەناو گوند و ئاواییەكان بێزار بوون و، وەك خۆیان دەڵێن، نابێت خەڵكی باكووری كوردستان چەكدار بێت و لە ناو گوند و ئاواییەكانی ئێمە بن و خەڵكی سڤیل ببنە قوربانی، بۆیە داواكارن سنوورێك بۆ پەكەكە دابنرێت".
رابین شێروانی




