ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوە بۆ 9 پڕۆژەیاسا دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ 9 پڕۆژەیاسا دەكرێت.
(د. بێریوان خەیلانی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە KDP.infoـی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە سەعات (11)ـی پێشنیوەڕۆ، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (8)ـی خولی یاسادانانی یەكەم بەڕێوە دەچێت لە ساڵی دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەراندا.
(خەیلانی) گوتیشی: "لە كارنامەی دانیشتنەكەدا هاتووە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەكرێت لەوانە یەكەم: پڕۆژەیاسای وەزارەتی ئافرەتان و كاروباری خێزانی. دووەم: پڕۆژەیاسای وەزارەتی كارەبا. سێیەم: پڕۆژەیاسای گۆڕانكاری لە ئاڕمی كۆماری عێراق لەگەڵ مۆرەكەی. چوارەم: پڕۆژەیاسای لابردنی دوو فەرمانی ژمارە (21،36)ـی ساڵی 2005".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران زیاتر گوتی، دواتر خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە دەكرێت، یەكەم: پڕۆژەیاسای دەستەی جێبەجێكاری سنووری. دووەم: پڕۆژەیاسای تاوانی زانیارییەكان وەكو دزینی زانیاری بە رێگا جیاوازەكان. سێیەم: پڕۆژەیاسای لابردنی فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانی كاتی (المنحلە) ژمارە (68)ـی ساڵی 2004. چوارەم: پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز لە وڵاتی ژاپۆن لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ دووبارە نۆژەنكردنەوەی وێستگەی كارەبای هارپە. پێنجەم: پڕۆژەیاسای رێكخستنی چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤ و رێگەگرتن لە بازرگانیپێكردنیان".
نەشوان بەرزنجی




