حكوومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی و یارمەتیدانی ئاژانسەكانی یوئێن ئامادەیە.. بە پرەنسیپەكانەوە پابەندە

هەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەماهەنگی و یارمەتیدانی ئاژانسەكانی یوئێن و رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكان بۆ ئەوەی سەردانی بنكەكانی راگرتن و گواستنەوە و بنكەكانی چاكسازی بكەن و دڵنیا بن لە نەبوونی ئەشكەنجەدان لەم بنكانەدا. پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بەو پرەنسیپانەوە دووپات كردەوە كە نەتەوەیەكگرتووەكان دایناون و ماف و كەڕامەتی مرۆڤ دەپارێزن.
رۆژی 29/07/2015 لە شاری ژنێفی سویسرا، لیژنەی قەڵاچۆكردنی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان (55)ـەمین خولی خۆی ساز كرد (د. دیندار زێباری) جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، گوتاری هەرێمی كوردستانی پێشكەش كرد و تیێدا رۆشنایی خستە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی ئەشكەنجەدان
(زێباری) رایگەیاند: "ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوونمان بەو ماف و ئازادیانەی كە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە، ئەشكەنجەدان بە هەموو شێوە و جۆرەكانییەوە بە سەرپێچیكردن لە مافی مرۆڤی دەزانین، بۆیە پابەندبوونی خۆمان بەو پرەنسیپانە دووپات دەكەینەوە كە نەتەوەیەكگرتووەكان دایناون و ماف و كەڕامەتی مرۆڤ دەپارێزن، لەم روانگەیەوە و بەپێی یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەشكەنجەدان قەدەغە كراوە و هیچ كارمەندێكی وەزارەتی ناوخۆ و دامودەستگاكانی ئاساییشی هەرێم لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت ئەشكەنجەدان بەكار بهێنێت دژی راگیراوان و تۆمەتباران و سزادراوان بە مەبەستی دەستكەوتنی زانیاری و ددانپێدانانی زۆرەملێ، ئەوا بە گوێرەی ماددی (19)ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق سزا دەدرێت".
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها گوتی: "هەر تاوانبار یان گومانلێكراوێك چ لە قۆناخی لێكۆڵینەوە یان لە قۆناخی داگاییكردندا بێت بۆی هەیە سكاڵا لە لایەنە پێوەندیدارەكانی وەزارەتی داد، وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی یان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە دژی هەر كارمەندێكی وەزارەتی ناوخۆ یان دامودەستگاكانی ئاساییشی هەرێم دوای سەلماندنی بەكارهێنانی توندوتیژی و ئەشكەنجەدان بەرانبەریان، بۆیە تا ئێستا چەندین لیژنە لێكۆڵینەوە پێك هاتوون بۆ بەدواداچوون و دەرخستنی راستی چەند سكاڵایەك كە لە لایەن تاوانباران و راگیراوان بەرز كراونەتەوە و كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و دامودەستگاكانی ئاساییشی هەرێم بە ئەنجامدانی ئەشكەنجەدان تاوانبار دەكەن و لە كاتی سەلماندنی داواكان وەزارەتی ناوخۆ رێكاری یاسایی دژی ئەو كەسانە دەگرێتە بەر كە راگیراو و سزادراوانیان ئەشكەنجە داوە".
(زێباری) هەروەها ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشان دا بۆ هەماهەنگی و یارمەتیدانی ئاژانسەكانی یوئێن و رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكانی تایبەت بە نەهێشتنی ئەشكەنجەدان بۆ ئەوەی سەردانی بنكەكانی راگرتن و گواستنەوە و بنكەكانی چاكسازی بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ژیانیان بن و دڵنیا بن لە نەبوونی ئەشكەنجەدان لەم بنكانە.
لە كۆتایی گوتەكەیدا (د. دیندار زێباری) پێشوازی لە بڕیاری حكوومەتی عێراق كرد بۆ چوونەنێو رێككەوتننامەی قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدان و گوتی: "ئەمە هەنگاوێكی بوێرانەیە لەسەر رێگای راست بۆ پاراستن و پتەوكردنی مافی مرۆڤ، ئێمە لە هەرێمی كوردستان پابەند دەبین بە دەرەنجامی ئەم گفتوگۆیانە و هیوادارین سوودی هەبێت بۆ هەموو لایەنەكان و ببێتە هۆكارێك بۆ باشتركردنی پێگەی عێراق لەو بوارەوە و نەهێشتنی ئەشكەنجەدان، بە تایبەتی لەو بارودۆخە سەخت و دژوارەی كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت".




