٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژنێف..پابه‌ندبوونی هه‌رێم به‌ نه‌هێشتنی ئه‌شكه‌نجه‌دانی زیندانیان دووپات كرایه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ژنێف-KDP.info-(د. دیندار زێباری) ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەماهەنگی و یارمەتیدانی ئاژانسەكانی یوئێن و رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكانی تایبەت بە نەهێشتنی ئەشكەنجەدان دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئەوەی سەردانی بنكەكانی راگرتن و بنكەكانی چاكسازی بكەن، تا لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ژیانیان بن و دڵنیابن لەنەبوونی ئەشكەنجەدان لەم بنكانەدا.

رۆژی 27/7/2015 لە شاری ژنێفی سویسرا لیژنەی قەڵاچۆكردنی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان (55)ـەمین خولی خۆی ساز كرد و حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەم خولەدا بەشداربوون و  گفتوگۆیی تایبەتی راپۆرتی عێراق لە بارەی بوونی عێراق بە ئەندام لە رێكەوتنە قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدان پێشكەیش كرا.

دوای پێشكەشكردنی گوتاری عێراق لە لایەن (د. عەبدولكەریم شەلال) جێگری وەزیری مافی مرۆڤی عێراق، (د.دیندار زێباری) جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان گوتاری هەرێمی كوردستانی پێشكەش كرد و تیێدا رۆشنای خسته‌ سه‌ر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی ئەشكەنجەدان و پاراستنی مافەكانی راگیراوان بەگوێره‌ی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ.

(د. دیندار زێباری) لە درێژەی گوتەكەیدا رایگه‌یاند: ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوونمان بەو ماف و ئازادیانەی كە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە، ئەشكەنجەدان بە هەموو شێوە و جۆرەكانییەوە بە سەرپێچی كردن لە مافی مرۆڤی دەزانین، بۆیە پابەندبوونی خۆمان  بەو پرەنسیپانە دووپات دەكەینەوە كە نەتەوەیەكگرتووەكان دایناوە و ماف و كەرامەتی مرۆڤ دەپارێزن، لەم روانگەیەوە و بەپێی یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەشكەنجەدان قەدەغە كراوە و هیچ كارمەندێكی وزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاكانی ئاساییشی هەرێم لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت ئەشكەنجەدان بەكار بهێنێت دژی راگیراوان و تۆمەتباران و سزا دراوان بە مەبەستی دەستكەوتنی زانیاری و دان پێدانانی زۆرەملێ ئه‌وا بەگوێره‌ی ماددی (19)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق سزا دەدرێ.

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون وەڵامدانەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها گوتی: هەر تاوانبار یان گومان لێكراوێك چ لە قۆناغی لێكۆڵینەوە یان لە قۆناغی داگایی كردندا بێت بۆی هەیە سكاڵا لە لایەنە پێوەندیدارەكانی وەزارەتی داد، وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی یان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە دژی هەر كارمەندێكی وەزارەتی ناوخۆ یان دامودەزگاكانی ئاساییشی هەرێم دوای سەلماندنی بەكارهێنانی توندوتیژی و ئەشكەنجەدان بەرامبەریان، بۆیە تا ئێستا چەندین لیژنە لێكۆڵینەوە پێكهاتووە بۆ بەدواداچوون و دەرخستنی راستی چەند سكاڵایەك كە لە لایەن تاوانباران و راگیراوان بەرز كراونەتەوە و كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاكانی ئاساییشی هەرێم بە ئەنجامدانی ئەشكەنجەدان تاوانبار دەكەن و لە كاتی سەلماندنی داواكان وەزارەتی ناوخۆ رێكاری یاسایی دژی ئەو كەسانە دەگرێتە بەر كە راگیراو و سزا دراوانیان ئەشكەنجە داوە.

(د. دیندار زێباری) ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ هەماهەنگی و یارمەتیدانی ئاژانسەكانی یوئێن و رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكانی تایبەت بە نەهێشتنی ئەشكەنجەدان بۆ ئەوەی سەردانی بنكەكانی راگرتن و گواستنەوە و بنكەكانی چاكسازی بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ژیانیان بن و دڵنیا بن لە نەبوونی ئەشكەنجەدان لەم بنكانە.

لە كۆتایی گوتەكەیدا (د. دیندار زێباری) پێشوازی لە بڕیاری حكوومەتی عێراق كرد بۆ چوونەنێو  رێكەوتننامەی قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدان و گوتی: ئەمە هەنگاوێكی بوێرانەیە لەسەر رێگای راست بۆ پاراستن و پتەوكردنی مافی مرۆڤ، ئێمە لە هەرێمی كوردستان پابەند دەبین بە دەرەنجامی ئەم گفتوگۆیانە و هیوادارین سوودی هەبێت بۆ هەموو لایەنەكان و ببێتە هۆكارێك بە باشتر كردنی پێگەی عێراق لەو بوارەوە و نەهێشتنی ئەشكەنجەدان، بەتایبەتی لەو بارودۆخە سەخت و دژوارەی كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت.

(كارلا ئیدلینبۆس) سەرۆكی بەشی لێپرسینەوە لە هۆبەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان لە نووسینگەی كۆمیسیاری مافی مرۆڤ، لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر گرنگی نەهێشتن و قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدان رایگه‌یاند: پێویستە وڵاتانی ئەندامی رێكەوتننەكە پابەند بن بە بنەماكانی رێكەوتننامەكە و هەوڵی نەهێشتنی هەموو جۆرە ئەشكەنجەدانێكی جەستەیی و دەروونی و هەر رەفتارێك كە بە ئەشكەنجەدان دابنرێت لە هەر بارودۆخێكدا بیت.

هەواڵی پەیوەندیدار