ههر نهوتی لێ بردووه.. بهغدا خزمەتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکی نهكردووه

كهركووك-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگهیاند، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەبووایە، ھاوشێوەی مووسڵ، کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانی دەکەوتنە ژێر دەستی داعش، بۆیە پێویستە سوپاسی ھێزی پێشمەرگە بکەین كه کێڵگە نەوتییەکان و کەرکووكی پاراستووه.
ئەندامی لیژنەی نەوت وغاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (فوئاد حوسێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: حکوومەتە یەک لەدووای یەکەکانی عێراق چەندین ساڵە تەنھا نەوت لە كێلگەکانی کەرکووک دەردەھێنن و ھیچ بڕە پارەیەکیان بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو كێلگانە تەرخان نهكردووه، کە لایەنی کەم پێویستە 10ساڵ جارێک ئەو کێڵگانە نۆژهن بکرێنەوە، بەڵام بەداخەوە لهو كێڵگانهدا ھەمان کەلوپەلە کۆنەکانی چەندین ساڵهی لەمەوبهر کە زۆر کۆن بوونە ههن و، پێویستی بەوە ھەیە بگۆڕدرێن.
(فوئاد حوسێن) گوتیشی، جگە لەوەی ھیچ بڕەپارەیەک بۆ کێڵگەکان تەرخان ناکرێت، تا ئێستا خەڵکی کەرکووکیش سوودی لەو نەوتە نەبینیووە.
دهیشڵێ، لە ساڵی1999وه رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک بەرھەم دەھێندرا و لە ساڵی 2001 بۆ نزیکەی900ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کەم بووە و، لە ساڵی رابردوویشدا پێش ھاتنی داعش رۆژانە 600ھەزار بەرمیل نەوت بووە لە رۆژێکدا، بەڵام لەئێستادا لە کێڵگە نەوتییەکانی باکوور و ئەوانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەدان، رۆژانە 300ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا ههنارده دهكرێت.
(حوسێن) ئاماژهییشی دا، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە کەرکووک و ئەو كێڵگە نەوتییانەی نەپاراستبووایە، وەکو کێڵگە نەوتییەکانی مووسڵ و تکریت دەکەوتنە ژێر دەستی داعش، بۆیە پێویستە سوپاسی ھێزی پێشمەرگە بکەین، کە خەڵکی کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانیشی لە داعش پاراستووە.
بڵند ئیبراھیم




