٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حەشدی‌‌شەعبی، سه‌عدیه‌ی پڕ له‌ كاره‌سات كردووه‌..بزانه‌ چی له‌ خه‌ڵكه‌ گه‌ڕاوه‌كه‌ ده‌كات"

سەرچاوە: KDP.info

سه‌عدیه‌-KDP.info- بەپێی زانیارییەكانی بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی لە جەلەولا خێزانە گەڕاوەكانی سەعدیە لە ڕەوشێكی زۆر خراپدا دەژین و، حەشدی‌‌شەعبی دەیانچەوسێنێتەوە و، نایشهێڵن كەس لە شارەكەدا دەربچێت.

(عامر ڕەفعەت) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای كۆبوونەوەی قیادەی عەمەلیاتی دیجلە و پۆلیسی شاری دیالە و تۆماركردنی ناوی خێزانە ئاوارەكانی سەعدیە و لەپاڵێندانیان، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر  260 خێزان گەڕانەوە  بۆ سەعدیە, هەر ئەو ڕۆژەی گەڕانەوە حەشدی‌‌شەعبی دوو گەنجیان لێ بردن بەو بیانووەی داواكراوی پۆلیس بوونە، بەڵام خۆ ئەم خێزانانە بە پاڵێنی ئەمنیدا ڕۆیشتبوون و داواكراویان تێدا نەبوو! دایكی یەكێكیان گوتی كوڕەكەمیان كوشتووە و تەرمەكەشیان پێ نەداومەتەوە و، فڕێیان داوە."
(ڕەفعەت)  ئاشكرایشی كرد: "ئێستا حەشدی‌‌شەعبی لە سنووری سەعدیە هەرچی بیانەوێت دەیكەن و، گوێیان لە یاسا نییە و لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ڕەوشتیشەوە زۆر خراپن. لە هەمووشی خراپتر ئەوەیە ئێستا ڕێگایان بە ڕووی ئەم خێزانە گەڕاوانە داخستووە و نایشهێڵن بگەڕێنەوە ئاوارەیی و لە دەست زوڵمی ئەم چەكدارانە خۆیان ڕزگار بكەن و ناسنامە و سەرجەم بەڵگەنامەكانی تریان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە، تەنها دە خێزان بە دزییەوە ڕایان‌كردووەتەوە ئاوارەیی و تەنها خۆیان هاتوون و نەیانتوانیوە هیچ لەگەڵ خۆیاندا بهێنن و ئەم جۆرە گەڕانەوەیە قوربەسەركردنێكی تری ئەم خەڵكەی ناوچەكەیەو دووبارە لەناو مەعاناتدا دەژین و ڕەوشیان زۆر خراپە."
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا ئاماژەیشی دا كە سێ مانگ لەمەوبەر نزیكەی 140 خێزانە ئاوارە گەڕانەوە بۆ سەعدیە و، حەفتەیەكی نەبرد چەند ماڵێکیان بەبێم هەموویان گەڕانەوە ئاوارەیی ئاخر لە سنووری سەعدیەدا هەر حەشدی‌‌شەعبی باڵادەستە و بە نیوەشەوان هەڵدەكوتنە سەر ماڵان. خێزانە گەڕاوەكان دەیانگوت ئێمە خاوەن نامووسین، بەڵام ئەم چەكدرانە هەر لەخۆرا هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكانمان, بەپێی زانیارییەكانیشم ئەم چەكدارانە دەرمانی هۆشبەر و شتی لەم شێوەیە دەخۆن و خەڵكەكە دەیانگوت بڕوامان نییە لەوێ ژیان بگوزەرێنین."
دەیشڵێت: "چارەسەر ئەوەیە هێزی پێشمەرگە بچێتە سنووری سەعدیە بۆ ئەوەی ئاساییش و سەروماڵی هاووڵاتیان بپارێزێت و ئەم حەشدی‌‌شەعبیە بە یەکجاری لە ناوچەكە دوور بخرێتەوە."
سەرباز واحید
 

هەواڵی پەیوەندیدار