٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیمارات لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتی ئیمارات دەكات و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ پێشوازیكردن لە سەرمایەدارانی ئیمارات و پێشكەشكردنی كارئاسانی، دەربڕی.

(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/7/2015، پێشوازیی لە (حەسەن ئەحمەد ئەلشحی) باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و سەرسامیی خۆیشی بەرانبەر پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا و بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا دەربڕی و، ئاماژەی بەوە دا كە سەرباری ئەو گرفتانەی دروست بوون، بەڵام هەرێمی كوردستان بە سیاسەت و سەركردایەتیی حەكیمانەی خۆی توانیویەتی سەركەوتنی باش لە هەموو بوارەكاندا بەدەست بهێنێت. باسی لەوەیش كرد كە ئیمارات بایەخێكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و زیاتر بەهێزكردنیان دەدات و سەرمایەدارانی ئیماراتی هان دەدەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا بكەن.

هەروەها دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرباری ئەو بارە قورسە داراییەی لەسەر شانیەتی، توانیویانە باوەش بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران لە هەموو پێكهاتەكان بكەن و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكەن و ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ كەمكردنەوەی ئەو بارە قورسەی سەر شانی حكوومەتی هەرێم بە ناردنی بەردەوامیی هاوكاری، پێشان دا.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی و هەڵوێستی باڵیۆز و حكوومەت و خەڵكی ئیماراتی كرد كە توانیویانە پەیوەندییەكی باش لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست بكەن و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ بەهاناوەچوونی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. جەختی لەوەیش كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتی ئیمارات دەكات و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ پێشوازیكردن لە سەرمایەدارانی ئیمارات و پێشكەشكردنی كارئاسانی، دەربڕی.

(نێچیرڤان بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێز باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق لە كارەكانی خواست و خوازیاری ئەوەیش بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیمارات لە هەموو بوارەكاندا زیاتر تۆكمە و بەهێز بكرێن. هەروەك سوپاسی كۆنسووڵی ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كرد كە لە ماوەی دەسبەكاربوونی توانیویەتی پەیوەندییەكی باش و تۆكمە لەگەڵ دامودەستگا حكوومییەكان و كۆمەڵگەی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی دروست بكات و پردێكی بەهێزی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئیمارات بێت.

باسكردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەمبارەیەیشەوە باڵیۆزی ئیمارات لە عێراق هیوای خواست كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارە بكرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار