وەزارەتی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان: زۆر پێویست نەبێت مەچنە دەرەوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێنمایی دەداتە هاووڵاتیان لە رۆژانی گەرمادا ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە.
لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە: لەگەڵ هاتنی شەپۆلێكی گەرما بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، بە مەبەستی هۆشیاری و ئاگاداربوونی هاووڵاتیان و خۆبەدوورگرتنیان لە كاریگەرییەكانی گەرما و خۆپاراستن لە زیانە تەندروستییەكانی، ئەم رێنماییانەی خوارەوە بڵاو دەكەینەوە.
1- ئەگەر زۆر پێویست نەبوو لە كاتە گەرماكانی رۆژ مەچووتە دەرەوە و لە ماڵەوە بمێننەوە، سوود لە ئامێرەكانی فێنككەرەوە وەربگرە.
2- منداڵ و كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە وەك نەخۆشییەكانی سینگ و دڵ پێویستە لە ماڵەوە و لە شوێنێكی فێنك بمێننەوە.
3- ئەو كرێكارانەی كە بەردەوامن لە كارەكانیان لە رۆژدا، پێویستە تا دەكرێت خۆیان لە تیشكی خۆر بپارێزن و ماوە ماوە پشوو بدەن لە شوێنێكی سێبەر و فێنك و بڕێكی زیاتر ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە.
4- لەم ماوەیەدا خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەكان زیاتر بكەن بۆ خۆپاراستن لە وشكبوون و كاریگەریی تیشكی خۆر.
5- سەرجەم نەخۆشخانە و فریاكەوتنەكان و دەستگاكانی تەندروستیی كوردستان لە ئامادەباشیدان و لە هەر كاتێك پێویست بوو سەردانیان بكە و پزیشكان و كارمەندان لە پێشوازیتاندا دەبن.




