ئاری هەرسین پرسیار له سهرۆكی پهرلهمان دهكات

هەولێر-KDP.info- (ئاری هەرسین) دەڵێ، خۆ (د. یووسف) خۆی دەزانێ ئەم كورسییەی لەسەری دانیشتووە بە زۆرینە و كەمینە پێی نەدراوە، ئێستا خێرە ئەم زۆرینە و كەمینەیه بووە بە ستاندەر و مۆدێل؟ ههڵبهت دەبوو (نەوشێروان مستەفا) ببێت بە سەرۆكی پەرلەمان ئەوكات پرسەكان لە پەرلەمان یەكلایی دەكرانەوە.
(ئاری هەرسین) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''من خۆم ئەندام پەرلەمانم، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان نەبووەتە ئەم مەرجەعەی دەستەڵاتی بە دەست بێت و، زوڵمێكی گەورەیشە بە (د. یووسف) بگوترێت ئەم دۆخەی پەرلەمان خەتای ئەوە، چونكە ئەو سەرۆكی پەرلەمان نییە، بەڵكو (نەوشێروان مستەفا) سەرۆكی پەرلەمانە. ئاخر ههروهك چۆن من ئیلتیزامی تەواوم بە حزبەكەمەوە هەیە ئەویش ئیلتیزامی تەواوی بە (نەوشێروان مستەفا)وە هەیە و، پەرلەمان تا ئەمڕۆیش لە كوردستان بەم ڕەوشە ڕۆیشتووە.''
(ههرسین) جهخت دهكاتهوه كه، هەموو قەرارەكان لە دەرەوەی پەرلەمان دەدرێت، ئەمەش خەتای سەركردایەتیی حزبەكانە، چونكە ئەوەی قەراری بە دەست بێت نایەت ببێت بە ئەندام پەرلەمان، بۆیە دەبوو (نەوشێروان مستەفا) بۆ خۆی بهاتایە ببێت بە سەرۆكی پەرلەمان و ئەوكات هیچ كەسێكی تر نەبوو لەنێو حزبەكەی لە سەرووی ئەو بێت و ڕاستوخۆ نوێنەری حزبەكەی دەبوو و، قەراری دەدا و لە پەرلەمان پرسەكان یەكلایی دەبوونەوە. بۆیە لەوانەیە دكتۆر (یووسف) لەسەر كورسیی پەرلەمان دانیشتبێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك دەستەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانی نییە، بەڵكو ئەم دەستەڵاتە لای سهرۆك حزبهكهیهتی."
(هەرسین) ڕوونی كردەوە: "ئەوەی كە لە پەرلەمان دەگوزەرێ و خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت با یاساییش بێت، بەڵام خۆ سەرۆكی پەرلەمان بەپێی پەیرەوی ناوەخۆ نەبووە بە سەرۆكی پەرلەمان، بەڵكو لەگەڵ حزبەكەی مندا سازان كراوە و ڕێك كەوتوون لەسەری، خۆ ئەمە بە زۆرینە و كەمینە نەكراوە و بانێك و دوو هەوا نییە. دكتۆر (یووسف) خۆی دەزانێ ئەو كورسییەی لەسەری دانیشتووە بە زۆرینە و كەمینە پێی نەدراوە، ئهی ئێستا خێرە ئەم زۆرینە و كەمینەیه بووە بە ستاندەر و مۆدێل. دەبێ پرسی چارەنووسساز و نیشتمانیی وەكو پرسی سەرۆكی هەرێم و دەستوور، لە دەرەوەی پەرلەمان سەركردایەتیی حزبەكان ڕێك بكەون لەسەری، ئینجا وردەكارییەكانی ئێمە لە پەرلەماندا بیكەین."
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی زەرد دەشڵێت: "با دكتۆر سهرۆكی پهرلهمان پرسیار لە خۆی بكات، ئەگەر پەرلەمان خاوەن قسە و دەستەڵاتە، ئهدی بۆچی لیژنەی دانوستانكاری سەرجەم حزبەكان كۆ دەبنەوە؟ بۆیە ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات كە قەرارەكان لە پەرەلەمان نین، بۆیەش نامەوێ سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێدرێت، چونكە دەزانین هەموو بریارەكان لە دەرەوەی پەرلەمانن."
(ههرسین) باوهڕیشی وایه "چارەسەری ئەم دۆخە ئەوەیە كە سەركردایەتیی حزبەكان و بە تایبەتیش (نەوشێروان مستەفا) كە پیاوێكی بە تەجروبەیە و خۆی دەزانێ ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێم چۆنە، بۆیە دەبێت زۆر حەكیمانە سیاسەت بكات. ئێمە لە پرۆسەیەكی زۆر ناسكداین و بەرەو دەوڵەتبوون هەنگاو دەنێن، لهبهر ئهوه پێویستمان بە یەكترە و دەبی بسازێین. ههڵبهت ئێستا ڕۆژی ئەوە نییە هەندێ كەس دابنیشن و بڵێن بۆ لە سوید و نەمسا و فڵانە دەوڵەت وا و وایە، منیش دەڵێم ئێرە نە سویدە و نە نەمسایە؛ ئێمە فیدراڵییەكی بێهێزمان هەیە لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتێكی سەربەخۆیش نین، بۆیە تاكە ڕێگا ئەوەیە سەركردایەتیی سیاسیی حزبەكان بە شێوەیەكی ژیرانە دابنیشن و بگەنە ئەنجامێك لە خزمەتی ئەم پرۆسە دیموكراتیکەدا بێت."
سەرباز واحید




