مونا قەھوەچی: ناکرێت پەرلەمان بەرنامەی کاری حزبێکی دیاریکراو جێبەجێ بکات

ههولێر -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان دهڵێ، پەرلەمانی کوردستان شەرعیەتی لە خەڵکی وەرگرتووە، بۆیە ناکرێت پەرلەمان بەرنامەی کاری حزبێکی دیاریکراو جێبەجێ بکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمانی لەپەرلەمانی کوردستان (مونا قەھوەچی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی یاسایی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی یاسایی نهبوو، ئاخر پێنجەم بڕگەی مادەی ٣٩ـی پەیڕەوی ناوخۆی پێشل کردووە؛ خۆی پێویستە سەرۆکی لیژنەی بڕیاردەر ئاگادار بکاتەوە، ئینجا بڕیاردەر ئەندامان بۆ کۆبوونەوە ئاگادار دهکاتەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان خۆی لە شوێنی سەرۆکی لیژنەی یاسایی دانا، ئەمەش بۆ بەرژەوەندتی تەسکی حزبییە و دوورە لە بنەمای دیموکراسیەت."
(مونا قەھوەچی) گوتیشی: "ئێمە بەشداریمان لەو کۆبوونەوەیەدا نەکرد، چونکە ئەمە پرسێکی نیشتمانی و گرنگە و پێویستە بە سازان یەکلایی بکرێتەوە لەلایەن حزبە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەماندا."
سەرۆکی فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، خەڵکی کوردستان لەو جۆرە ھەڵوێستانە نیگەرانە، لەبەر ئەوەی ئێمە پێویستمان بە یەکڕیزی ھەیە، ئێمە رووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران بووینەتەوە و خەڵک تاقەتی قەیرانی دیکەی نییە.
(مونا قەھوەچی) ڕوونیشی کردەوە، پەرلەمانی کوردستان شەرعیەتی لە خەڵکی وەرگرتووە، بۆیە ناکرێت پەرلەمان بەرنامەی کاری حزبێکی دیاریکراو جێبەجێ بکات. بۆیە ئێمە ئەو کۆبوونەوەیە ڕەت دەکەینەوە و سەرۆکی پەرلەمان لە بێلایەنی لای داوە.
بڵند ئیبراھیم




