٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

له‌ ژووری عەمەلیاتدا ئازاد بەرواری نوێنه‌ری پارتییه‌.. کۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی بێئەنجام بوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی یاسایی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، تەنھا پێشێلێکی یاسایی بوو لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانه‌وه‌؛ گوتیشی، پرسی سەۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ژووری عەمەلیاته‌وه‌ سازانی لەسەر دەکرێت و، پارتییش نوێنەری خۆی بۆ ئەو ژوورە دیاری کردووە.

ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان (شوان شێخ ئەحمەد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی کۆ بوووه‌ە و، ئێمەش بایکۆتمان کرد، چونکە پێشێلێکی یاسایی بوو ھیچ ئەنجامێکی نەبوو و، نەیانتوانی راپۆرت لەبارەی یاساکانی ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم ئامادە بکەن.

(شوان شێخ ئەحمەد) گوتیشی، ژووری عەمەلیات دروست کراوە و بڕیار دراوە ئەو ژوورە کە نوێنەری ھەموو لایەنەکانی تێدا به‌شدار دەبێت، کە رەنگە سەرۆک فراکسیۆنەکانیش بەشدار بن، پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم بە سازان یەکلایی بکاتەوە.

گوتیشی، پارتیی دیموکراتی کوردستان نوێنەری خۆی بۆ ئەو ژوورە دیاری کردووە، کە (ئازاد بەرواری) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەبێت.

دوێنێ سێشه‌ممه‌. یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ڕایگه‌یاند "ژورێكی عەمەلیات لەنێوان هەر پێنج لایەنەكە دروست دەكرێت و، پڕۆژەیەكی هاوبەش رێك دەخرێت، بە جۆرێك كە جێگای  رەزامەندیی هەموو لایەكمان بێت، دواتریش بدرێتە پەرلەمان لە ڕووی یاساییەوە چوارچێوەیەكی سەركەوتووانەی بۆ دابنێت".

جەختیشی كردەوە، پێشنیازی ئه‌وان بۆ پێكهێنانی ژووری عەمەلیات بۆ مه‌به‌ستی لێكنزیككردنه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ به‌ سازانی نیشتیمانی، ئاماده‌یشن كه‌ شه‌و و ڕۆژ بخه‌نه‌ سه‌ریه‌ك تا ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر و هه‌مووان له‌باره‌یه‌وه‌ كۆك بن.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار