٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیێندراوی فڕاكسیۆنی پارتی: كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی پشتكردنە سازانە.. سەرۆكی پەرلەمان وەك حزبیێك مامەڵەی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان ڕایگەیاند، هەوڵدان بۆ كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بەبێ ئامادەبوونی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی یاسایی لە فڕاكسیۆنی پارتی، نیشانی دا كە سەرۆكی پەرلەمان وەك ‌حزبیێك مامەڵەی كردووە.

(محەممەد عەلی) گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی، پەیامی فەرمیی فڕاكسیۆنەكەیانی بە ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی، ئەگەرچی دۆخی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان وا دەخوازێ كە لایەنە سیاسییەكان ناچار بن زیاتر پارێزگاری لە یەكڕیزی و یەكگرتوویی گەل بكەن، بەڵام بە داخەوە بە هەوڵی سەرۆكی پەرلەمان لادان لە سازانیان هێناوەتە ئاراوە و، هەوڵیان بۆ ئەوەیە دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان شەرعییەتیان نەمێنێ.
ئەمە یەكەمین جارە كە سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەیەك رابگەیێنێت كە سەرۆكی لیژنەكە لێی ئاگادار نەبێت، بەپێی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمانیش بێ، دەبێ سەرۆكی لیژنە ئاگاداری بڕیاردەری لیژنە بكاتەوە، بڕیاردەری لیژنەیش ئاگاداری ئەندامەكان دەكاتەوە، بەڵام پێچەوانەی پێڕۆی ناوخۆ سەرۆكی پەرلەمان بڕیاردەری لیژنە ئاگادار دەكاتەوە كە ئەندامەكان ئاگادار بكات.
سەرۆك و گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی باوەڕیان وایە كە، ئەم كۆبوونەوەیەی لیژنەی یاسایی كە پشتكردنە پێڕۆی ناوخۆیە، هەنگاوێكی دیكەیە بە ئاڕاستەی نەمانی رێككەوتنی سیاسی لە نێوان لایەنەكان و تێكدانی سازانی نیشتمانییە.
بەپێی زانیارییەكان ئەو ژوورەی كە كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی لێ ساز دراوە، رێوشوێنی ئەمنیی تووندی لێ گیراوەتە بەر، كە نە كارمەند و نە رۆژنامەنووسان ناتوانن نزیكی ئەو ژوورە بكەونەوە.
زانراوە كە ئەو رێوشوێنە ئەمنییە تووندەیش بە فەرمانی سەرۆكی پەرلەمان (یووسف محەممەد) گیراوەتە بەر.

دەقی راگەیێنراوی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌دای په‌رله‌مانیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان:

هاووڵاتییانی كوردستان.
مایه‌ی نیگه‌رانیمانه‌ كه‌ ڕاگه‌یاندراوی ئه‌مجاره‌مان له‌ كاتێكدایه‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌ ڕه‌وشێكی ناله‌باردا تێده‌په‌ڕن، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ فیداكارییه‌كی زۆره‌وه‌، به‌رگری له‌ سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌مه‌یش هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ناچار ده‌كات، كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و پێشهاته‌كاندا، زیاتر پارێزگاری له‌ یه‌كڕیزیی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ن، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌م كاته‌دا، خودی به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌ڕله‌مانی كوردستان، له‌ جیاتی ئه‌دای ئه‌ركی پیرۆزی په‌ڕله‌مانی، خەریكە دەبێتە باندورێك بو ئه‌و یه‌كڕیزییه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و شه‌رعییه‌تپێدانییان به‌ هۆی سازانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بووه‌، بۆیه‌ لادان له‌ سازان له‌ ده‌ستدانی ئه‌و شه‌رعییه‌ته‌یه‌‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و گه‌واهیدانه‌ی هه‌موو حیزبه‌ سیاسییه‌كان و دۆستانی گه‌له‌كه‌مان، بۆ پێگه‌ی هه‌رێم و ڕۆڵی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی، له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و نه‌خشه‌ی ستراتیژی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و ڕۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیش، كه‌چی له‌م ئان و ساته‌دا، له‌ ژێر ناونیشانی جیاواز و به‌ده‌ر له‌ چوارچێوه‌ی یاسایی و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌ڕله‌مان و عورفی په‌ڕله‌مانی، بەڕێز سەرۆكی پەڕلەمان خۆی دەكاتە وه‌كیلی لیژنه‌ی یاسایی، به‌مه‌یش ئه‌دای ئه‌ركێكی حیزبی ده‌كات و پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان دەكات، كە ئەمەیش یەكەمجاری نیە، لە كاتێكدا پێویستە خۆی پارێزگاری لەو پەیڕەوە بكات.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، داوا له‌ فراكسیۆن و په‌ڕله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌كانی تری په‌ڕله‌مانی كوردستان ده‌كات، كه‌ مێژووی سه‌نگینی په‌ڕله‌مان، نه‌كه‌نه‌ قوربانی خواست و ئه‌جێندای كەسیی، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانییدا نییه‌.
ئەگەر سەیری مێژووی سه‌رۆكه‌كانی په‌ڕله‌مانیش بكەین، دەبینین له‌ كاتی ته‌نگه‌ژه‌ و پێشهاته‌كاندا، هه‌میشه‌ ڕۆڵێكی بەرپرسانە و بێلایەنانەیان هه‌بووه‌، بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ سه‌رۆكی ئێستای په‌ڕله‌مانیش، بیرێك له‌ یه‌كڕیزی نیشتیمانی و ئه‌دای یاسایی خۆی و واقیعی هه‌نوكه‌یی سیاسی بكاته‌وه‌ و، له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتیمانی و كاری یاسایی و په‌ڕله‌مانی، مل بۆ به‌رنامه‌ و بڕیاری حزبیی و كه‌سی نه‌دات.
له‌ كۆتاییدا خه‌ڵكی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مان و فیداكاره‌كانی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ هه‌ر ئیراده‌ی خێر و چاكه‌ی گشتی سه‌رده‌كه‌وێت.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
29/7/2015

هەواڵی پەیوەندیدار