٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیاتر لە 2000 كوردی ئێزدی لە چنگی تیرۆریستانی داعش رزگار كراون

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  بەرپرسی نووسینگەی ڕفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە شاری دهۆك ئاشكرای دەكات، تا ئێستا زیاتر لە دووهەزار كەس لە كوردانی ئیزدی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كراون و، هەوڵەكانیش بۆ ئازادكردنی ئەوانی دیكە بەردەوامن.

بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە شاری دهۆك (حوسێن قایدی) بە KDP.infoـی راگەیاند، پاش ئەو كارەساتەی بەسەر كوردانی ئێزدیدا هات لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەیەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە كرایە سەر ئێزدییەكان كە لە چەند رۆژی داهاتوو دەبێتە ساڵێك، پتر لە 400 هەزار كوردی ئێزدی دەربەردەر بوون و روویان لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان كرد، ژمارەیەكیشیان كەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش.
(قایدی) گوتیشی: "لەژێر چاودێریی راستەخۆی (نێچیرڤان بارزانی) دۆسیەیەك بۆ ئەو بابەتە كراوەتەوە و دوو نووسینگەیش هاتنە كردنەوە، لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار كەس لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كراون كە نزیكەی 300 كەس پیاون، زیاتر لە 750 كەسیش لەوانە كچ و ژن و، زیاتر لە 900 كەسیش منداڵی نێر و مێن، بەپێی ئەو ئامارەیش كە لە بەردەستی ئێمەدایە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە دەستی تیرۆریستانی داعشدا ماون، نزیكەی 2800 كەسن، بۆیە هەوڵ و كۆشش بەردەوامە بۆ رزگاركردنی تەواوی ئەوانەی رزگار نەكراون".
بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە شاری دهۆك زیاتر گوتیشی: "بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەو كارەساتەدا، وەك چون لە ساڵی 1991 هەمان كارەسات بەسەر كوردانی هەرێمی كوردستاندا هات و خەڵكی روویان لە وڵاتانی ئێران و توركیا كرد، بەڵام پشوودرێژی و ئیرادەی خەلكی كوردستان بەرهەمی ئەوە بوو ئێستا خاوەنی پەرلەمان و حكوومەتین، بۆیە داوا لە كوردانی ئێزدی بە گشتی و شنگال بە تایبەتی دەكەین پشوودرێژ بن و باش بزانن پاشەڕۆژێكی گەش لەپێشیانە هەروەك (سەرۆك بارزانی) بەڵێنی دا كار بۆ بەپارێزگابوونی شنگال دەكەن".
دەشڵێت: "جێگەی داخە حكوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی ئێمەی نەكردووە، هەرچەندە چەندین جار داوامان كردووە هاوكاریمان بكەن".

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار