سەرۆکی ھەرێم یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆسایدی پەسند کرد

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە ١٤ـی ساڵی ٢٠١٥ یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆساید لە ھەرێمی کوردستان-عێراق پەسند کرد.
(تاریق جەوھەر) راوێژکاری راگەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆساید لە ھەرێمی کوردستان-عێراق، بە بڕیاری ژمارە ١٤ـی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەرچووێنرا".
ئەوەشی راگەیاند: "پێشتر یاسای ژمارە ٩ لە دانیشتنی ژمارە ١٧ـی ئاسایی پەرلەمان لە ٢٠١٥/٦/٢٣ پەسند کرابوو، پاشان بە نووسراوی ژمارە ٣٧٥٢/٣/٤ لە رۆژی ٢٠١٥/٧/٦ ئاراستەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کرابوو".
راوێژکاری راگەیاندن ئەوەشی روون کردەوە، کە لە رۆژی ٢٠١٥/٧/١٣ بە بڕیاری ژمارە ١٤ لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە یاسای ژمارە ٩ دەرچووێنرا و بە نووسراوی ژمارە ٥٣٥ لە ٢٠١٥/٧/٢٧ وێنەیەکی یاسای پەسند کرا و گەیشتەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان.
لە بارەی تایبەتمەندیی یاساکەشەوە، راوێژکاری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستا رایگەیاند: "یاسای ژمارە ٩، یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆساید لە ھەرێمی کوردستان لە ٨ ماددە پێکھاتووە و تایبەت بەو کەسانەی لە کاتی روودانی تاوانەکانی جینۆساید لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون و، پاش شەھیدکردنی سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی بە تەنیا رزگاری بووبێت، بەپێی ماددەی ٢ـی یاسکەش تاقانەی جینۆساید سەرجەم ماف و ئیمتیازاتەکانی کچ و کوڕی شەھیدی جینۆسایدی دەبێت و لە کاتی کۆچی دواییکردنیشی بە شەھید ئەژمار دەکرێت و، سەرجەم ماف و ئیمتیازاتی شەھیدی جینۆساید بۆ وارسەکانی دەستەبەر دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




