سەرۆكی لیژنەی یاسایی: ڕەنگە ژووری عەمەلیات ئەنجامی هەبێ.. لیژنەی یاسایی راپۆرت ئامادە بكات، هەڵوێستمان دەبێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، چاوەڕوان دەكرێت ئەو ژووری عەمەلیاتەی بۆ چارەكردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم پێك هێندراوە، ئەنجامی هەبێت، چونكە ئەو پرسە پێویستە لە دەرەوەی پەرلەمان چارە بكرێت.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان (ڤاڵا فەرید)، بە KDP.infoـی راگەیاند: "بڕوا ناكەم كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی یاسایی هیچ ئەنجامێكی هەبێت و راپۆرتیش ئامادە ناكرێت، چونكە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆیە، بۆیەیش ئێمە و مەسیحی و توركمان بەشداریمان لەو كۆبوونەوەیەدا نەكرد".
(ڤاڵا) گوتیشی، رەنگە یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدا نەبێت راپۆرت ئەمڕۆ ئامادە بكرێت.
ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەو ژووری عەمەلیاتەی دروست دەكرێت كە نوێنەری لایەنەكانی تێدایە، رەنگە ئەنجامی هەبێت، چونكە پێویستە ئەو پرسە لە دەرەوەی پەرلەمان چارە بكرێت.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر گوتی، "بە هیچ شێوەیەك پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بە زۆرینە و كەمینە چارە ناكرێت و پێویستە سازانی لەسەر بكرێت، ئەگەر ئەمڕۆیش لیژنەی یاسایی راپۆرت ئامادە بكات، هەڵوێستمان دەبێت".
بڵند ئیبراهیم




