قەهوەچی: سەرۆكی پەرلەمان بێلایەن نییە و كار بۆ حزب و فڕاكسیۆنەکەی دەكات.. ناچینە کۆبوونەوەوە

هەولێر-KDP.info- (مونا قەهوەچی) ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "سەرۆكی پەرلەمان بێلایەن نییە و كار بۆ حزبی خۆی و فڕاكسیۆنی گۆڕان دەكات و، ئەگەر رێزیشی لە سازان و ئەو پرسانە گرتبایە كە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە، نەدەبوو سبەی ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت."
(مونا قەهوەچی) کە هاوکات سەرۆكی كوتلەی چاكسازیی پێشكەتووی توركمانیشە بە KDP.infoـی راگەیاند "ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان ئاگادار كراینەوە كە بەیانی سەعات 10 كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی ئەنجام دەدرێت، سەبارەت بە هەمواركردنی چوار پڕۆژەیاساكەی لایەنەکان کە پێوەستە بە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە، بە سەرپەرشتی و فەرمانی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان بەم هەنگاوەی بێلایەنیی خۆی لە دەست دەدات كە ئەگەر كۆبوونەوەیەكی وەها ئەنجام بدات بێ ئاگاداركردنەوەی سەرۆكی لیژنەی یاسایی، چونكە بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەبێ سەرۆكی لیژنەی یاسایی ئاگاداری بڕیاردەری لیژنەی یاسایی بكاتەوە ئینجا ئەندامان ئامادە دەبن و دەست بە نووسینەوەی ڕاپۆرت دەكرێت."
(قەهوەچی) گوتیشی: "سەرۆكی پەرلەمان بێلایەن نییە و كار بۆ حزبی خۆی و فڕاكسیۆنی گۆڕان دەكات و، ئەگەر رێزیشی لە سازان و ئەو پرسانە گرتبایە كە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە، نەدەبوو سبەی ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت، بۆیە ئێمە وەك سەرۆكی كوتلەی چاكسازیی پێشكەتووی توركمان و ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بە هیچ شێوەیەك لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادە نابین، چونكە پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەیشی دا: "خولی چوارەمی پەرلەمان بە ئاشكرا پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆ دەكات، لە كاتێكدا خەڵك دەنگی بە پەرلەمان داوە تا داخوازییەكایان جێبەجێ بكرێن، نەك سەرۆكی پەرلەمان بۆ بەرژەوەندیی حزب و فڕاكسیۆنەكەی بڕیار بدات".
ئومێد بابان




