چاودێرێکی سیاسی: بۆ سازانی لایەنەکان رێگا زۆر خۆش بووە.. پێشنیازەکانی پارتی زۆر بەجێن

ههولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، ئەو پێشنیازانەى پارتیی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمەوە خستوونیەتە ڕوو، سەرەتایەکە بۆ ئەوەی ئەو پرسە چارە بکرێت، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان پشتگیری لێ بکەن، بۆئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت.
دکتۆر (بوخاری عەبدوڵڵا) ماموستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە راگەیندراوەکەی خۆیدا ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ سازان و، پێشنیازی خۆشی بۆ مانەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی پێشکەش کردووە تاھەڵبژاردنی داھاتوو و، دەرگای واڵا کردووە بۆئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازانە بکرێت و، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بکرێت بۆ ئەوەی بگەنە سازان، ئەمەش سەرەتایەکە بۆ چارەکردنی کێشەکان کە ماوەیەکه لایەنەکان ھەوڵ بۆ چارەكردنى دەدەن."
(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "پارتیی دیموکراتی کورستان ئامادەیی تەواوی دەربریووە بۆ ھەموو جۆرە گفتوگۆیەک بەتایبەتی لەو دۆخە ناسکە و، بۆ ھەمووسازانێک دەرگاکانی واڵا کردووە و ھیچ دەرگایەکی دانەخستووە، بۆیە گەشبینم بەوەی پارتی بە شێوەیەک ئەو کێشەیە چارە بکات کە رەزامەندیی ھەموولایەکی لەسەر بێت."
ئەوچاودێرە سیاسییه ڕوونیشی کردەوە، پێشنیازی پارتی لەبارەی مانەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە واقیعی ئێستای ھەرێمى كوردستانهوه سەرچاوەی گرتووە و، لایەنەکانی دیکەش دژی ئەوە نین سەرۆکی ھەرێم بۆ ئەم خوولە بمینێتەوە، بەڵام پێویستە سازانی لەسەر بکرێت؛ پارتییش بۆ ئەو سازانە ئامادەیە، بۆیە لەئێستادا رێگا زۆر خۆش بووە بۆ ئەوەی ئەو سازانە بێتە دی و ئەو قەیرانە چارە بێت و ھیچ بۆشاییەکی یاسایی دروست نەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو، پێشنیازەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان زۆر بەجێن و، پێویستە لایەنەکان پشتگیری بکەن، بۆ ئەوەی لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمەوە بگەنە سازان.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، پارتی دیموكراتی كوردستان رایگهیاند، ''بهردهوامیی پڕۆسهی گفتوگۆ بۆ سازانی نیشتمانی خواست و بژاردهی سهرهكیمانه''، پارتی له ڕاگهیێنراوهكهیدا جهختی کردەوە، ''بژاردهی سیستهمی پهرلهمانی بۆ پاراستنی بهرژهوهندییهكانی خهڵكی كوردستان به پهسهندی زانیوه و دهزانێت، لهم چوارچێوهیهشدا ئامادهی گفتوگۆكردنه''، پێداگرییشه لهوهی كه، ئهگهر به لایهنهكان نهگهنه سازان، ئهوا ''دهبێت سهروهریی بۆ گهل بێت و ههموو لایهكمان پابهندی ئیراده و رای گهل بین و، له رێگهی دهنگدانی گهلهوه یهكلایی بكرێتهوه.''
بڵند ئیبراھیم




