باڵیۆزی بەریتانیا: كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم پێویستیان بە سازانە

هەولێر-KDP.info- باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پێوەست بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، كە پێویستە ئەو كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتن و سازان چارە بكرێن و پشتگیری و هاوكاریی خۆیشی بۆ چارەكردنی كێشەكان دەربڕی.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 28/7/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (فرانك بەیكەر) باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا (فرانك بەیكەر) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیای لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە، بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و ئابووریدا. هەروەها ئاماژەی بە ڕەوشی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە دەڤەرە جیاجیاكان كرد و پشتگیری و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو شەڕەدا پیشان دا و، ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی لە ناوچەكە، بەرز نرخاند.
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق هەروەها باسی لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرد و جەختی كردەوە، كە پێویستە ئەو كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتن و سازان چارە بكرێن و پشتگیری و هاوكاریی خۆیشی بۆ چارەكردنی كێشەكان دەربڕی.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی باڵیۆزی بەریتانیای لە عێراق و شاندی یاوەری كرد و، هیوای خواست پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا زیاتر گەشەی پێ بدرێت. هەروەها باسی لە سەركەوتنە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرد و، هیوای بەردەوامیی هاوكاریی سەربازی لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەتی بەریتانیاوە بۆ هێزی پێشمەرگە خواست.
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایشەوە (نێچیرڤان بارزانی) جەختی كردەوە، كە حكووومەتی هەرێمی كوردستان دەخوازێت كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارە بكرێن. هەروەها ئەوەشی دووپات كردەوە، كە پێویستە پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە ڕێگەی سازان و لێكگەیشتن چارە بكرێت و هەموو لایەنەكان لەسەر ئەم پرسە بگەنە ئەنجامێك، كە لە بەرژوەندیی گشتیی هەرێمی كوردستاندا بێت.




