٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لاوانی جیهان داوا لە توركیا و پەكەكە دەكەن شەڕ بوەستێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  هێرشی تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پارتیی كرێكارانی كوردستان لە باشووری كوردستان، لاوانی جیهانی هێنایە دەنگ و، ئەوان داوا دەكەن توركیا و پارتیی كرێكارانی كوردستانیش بگەڕێنەوە بۆ ئاگربەست و ئەو شەڕە بوەستێنن.

(فەلاح حەسەن)  جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی لاوانی دیموكراتی جیهان رایگەیاند: "سەردەمی شەڕ بەسەر چووە، دەبێ هەمووان بە دیالۆگ و ئاشتیانە بگەنە چارەسەری كێشەكان، لەو شەڕانەدا گەنج و لاوەكان دەبنە قوربانی لە هەردوو لادا، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین لە پێناو پاراستنی گیانیان و هێوكردنەوەی گرژییەكان".

(حەسەن) زیاتر گوتی: "بیستنی هەواڵی بۆردوومانكردنی ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان بە تۆپ و فڕۆكە جەنگییەكان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، نیگەرانی كردین، چونكە خەڵكی سڤیلی نیشتەجێی ئەو ناوچانەی دووچاری زیانی گیانی و ماڵی كردووە، جگە لە ترس و دڵەڕاوكێی زۆر و جێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە ئێمە لە ڕێكخراوی لاوانی دیموكراتی جیهان بە فەرمی داوا لە دەوڵەتی توركیا دەكەین ئەو هێرشانە لەسەر خاكی باشووری كوردستان بوەستێنێ و، داوا لە پارتیی كرێكارانی كوردستانیش دەكەین هەڵوێستێكی توندتر نەنوێنن و گەلی كورد و توركیایش لە پرۆسەی ئاشتی بێئومێد نەكەن".

كارزان حەیدەر
 

هەواڵی پەیوەندیدار