ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوە بۆ دوو پڕۆژەیاسا دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا كە ئەمڕۆ سێشەممە ساز دەدرێ، خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ دوو پڕۆژەیاسا دەكرێت.
(د. ئەردەلان نوورەدین) ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "سەعات (11)ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (6)ـی خولی یاسادانانی یەكەم بەڕێوە دەچێت لە ساڵی دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەراندا".
(نوورەدین) گوتیشی: "لە كارنامەی دانیشتنەكەدا هاتووە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای كارتی نشتیمانی دەكرێت كە لە 47 ماددە پێك هاتووە و بریارە ئەو یاسایە دەربكرێت و هەر هاووڵاتیەكی عێراق ئەو كارتەی بۆ دەربچێت لە شوێنی ناسنامە و كارتی زانیاری لەگەڵ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای خزمەتی شارستانی فیدڕاڵدا كە لە (100) ماددە پێك دێت".
نەشوان بەرزنجی




