٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یه‌كیه‌تیی ئه‌ورووپا هه‌وڵ ده‌دات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی وكردستان، كۆمیساری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان ڕایگه‌یاند، یەكێتیی ئەورووپا هاوكار و پشتیوانی هەرێمی كوردستانن و بەردەوامیش دەبن، هەوڵیش دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆئەوەی ئەو بارە قورسەی لەسەر شانییەتی، كەم بكرێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27/7/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (كریستۆس ستایلیاندس) كۆمیساری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و خاتوو (جانا هایپەسكۆڤا) باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای ئەو بارە قورسە ئابوورییەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كردووتەوە و بە باشترین شێوە خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون، بۆیە وەك یەكێتیی ئەورووپا هاوكار و پشتیوانی هەرێمی كوردستانن و بەردەوامیش دەبن و، هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆئەوەی ئەو بارە قورسەی لەسەر شانییەتی، كەم بكرێتەوە.

ڕێز و سوپاسی خۆشیان پێشكەش بە پێشمەرگەی كوردستان كرد كە توانیویانە بەر لە هەڕەشە و هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بگرن و هێرشەكانیان تێك بشكێنن و، خەڵكی ناوچەكە بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانەوە بپارێزن. هەروەك باسیان لە پێدوایستییەكان و هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی هاوكاریی نێودەوڵەتی كرد و جەختیان كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخێكی زیاتر بەو بابەتە بدات.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی شاندی یەكێتیی ئەوروپای كرد و، داوای كرد لەو سەردانەیاندا ڕاستیی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەورووپا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیری و هاوكارییكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارە و پەنابەران بەردەوام بن جا چ ڕاستەوخۆ یان بە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە بێت.

هەروەها سوپاسی ڕۆڵی  باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپای لە عێراق كرد كە بەردەوام سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخی هەرێم دەكات و، گوتیشی كه‌ ئەمە بایەخدانی یەكێتیی ئەورووپا بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت و جێگەی خۆشحاڵییە.

تاوتووكردنی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە و ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی ناوچەكە بوونەتەوە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار