هێزێكی دەمامكدار هێرشی کردە سەر خۆپێشاندەرانی رانیە

رانیە-KDP.info- بە دروشمی "دەسەڵاتی ئەم شارە ئەمە كۆتا ئینزارە"، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، خۆپێشاندانێك لە شارۆچکەی رانیە بەڕێوە چوو، بەڵام هێزێكی دەمامكدار هێرشیان کردووەتە سەر خۆپێشاندەران و گرژیی لێ کەوتەوە.
وەک پێگەی "شارپرێس" بڵاوی کردووەتەوە، جەماوەرێکی زۆر لەبەردەم باڵاخانەی فەرمانگە حكوومییەكان لە شارۆچکەی ڕانیە گردبوونەوەیان ساز داوە، کە بەشێكی زۆری خەڵكی شارەكە تێیدا بەشدار بووە و خۆپێشاندانەكەش گرژی تێ کەوتووە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزێكی دەمامكدار هێرشیان كردە سەر خۆپێشاندەران.
خۆپێشاندەران داوای تەواوكردنی پرۆژەی جووتسایدی بازاڕی رانیەیان کردووە، كە بۆ ماوەی 2 ساڵە وەستاوە، بەڵام هێزە دەمامکدارەکە بە دار و لێدان بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کردووە.
بەهۆی فراوانیی خۆپێشاندانەكەوە، هێزێكی زۆری پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان و هێزێكی دەمامكدار لە ناوچەكە كۆ بوونەتەوە و بە گوتەی سەرچاوەیەکی نیو خۆپێشاندانەی ڕانیە، ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەردەبڕی زۆرتر گەنجان بوون، دەستگا ئەمنییەکانیش بە شوێن ئەوانەدا دەگەڕێت کە لە گرژییەکەی لەگەڵیاندا پەرچەکردارێکی توند هەبووبێ یان بەردێکی بە دەستەوە بووبێ و، هەندێکیشی لە ماڵاندا دەرهێناون.




