سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی تێڕوانینی توركیایان گۆڕی.. شار لەبارترە بۆ پرسی كورد نەك شاخ

لەندەن-KDP.info- (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، (سەرۆك بارزانی) و (نێچیرڤان بارزانی) توانییان لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا تێڕوانینی دەستەڵاتدارانی توركیا بۆ پرسی كورد بگۆڕن و، پرۆسەی ئاشتی بەرپا بكەن. گوتیشی: "سیاسەتی ئێمە لەگەڵ چارەكردنی ئاشتیانەی كێشەكانی كوردە لە توركیا و ئێمە وەك پارتی واقیعی ئێستای توركیا وا دەبینین كە شار لەبارترە بۆ پرسی كورد نەك شاخ".
لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لە لایەن لیژنەی ناوچەی لەندەنی پارتییەوە سیمینارێكی سیاسیی كراوە بۆ (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە رێك خرا و، لە نزیكەوە بۆ ئامادەبووانی سیمینارەكە دواپێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی كە لە ناوچەكەدا ڕوو دەدەن و لێكەوتە و دەرەنجامەكانی لەسەر كورد وەك نەتەوە و هەرێمی كوردستان، خرایە ڕوو.
هەروەها ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی تیشكی خستە سەر ئەو ئۆپەراسیۆنەی توركیا كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستی پێ كرد و ڕاگەیاند: "وەك پارتی پێشوازی لە بۆردوومانەكانی توركیا بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش دەكەین، بەڵام لە بەرانبەردا مێژوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بووە كە شەڕ و چەك نەیتوانیوە چارەی دۆزی كورد لە توركیا بكات".
(هەورامی) ئاماژەیشی بەو هەوڵانەی (سەرۆك بارزانی) و (نێچیرڤان بارزانی) دا كە توانییان لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا تێڕوانینی دەستەڵاتدارانی توركیا بۆ پرسی كورد بگۆڕن و پرۆسەی ئاشتی بەرپا بكەن، "سیاسەتی ئێمە لەگەڵ بە ئاشتیانە چارەی كێشەكانی كوردە لە توركیا و ئێمە وەك پارتی واقعی ئێستای توركیا وا دەبینین كە شار لەبارترە بۆ پرسی كورد نەك شاخ".

لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەیدا (هێمن هەورامی) باسی لە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی، لە دەرەوەی سازان كێشەكان بە چارەی بنچینەیی ناگەن و پارتی لە ڕابردوودا قوربانیی زۆری داوە لە پێناو سازان و كۆدەنگیی نیشتیمانی، یەكڕیزیی كوردانیش بەهێزیی كوردان نیشان دەدات لە بەرانبەر بەغدا و دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی كورد.
شەڕی داعش و سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، بەشێكی دیكەی سیمینارەكەی پێك هێنا، كە بەرپرسی پەیوەندییەكان بە وردی بۆ رەوەندی كوردی شی كردەوە. دواجاریش ئەو پرسیارانەی كە لەلای لەندەننشینەكان گەڵاڵە ببوون، (هەورامی) وەڵامی دانەوە.
سەنگەر هەورامی




