سەرچاوەیەک: تورکیا بڕیاری داوە بریندار و شەهیدەکانی باکووری کوردستان وەرنەگرێتەوە، کەچی پەیەدە پارتی تۆمەتبار دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرباری ئەوەی کە دەزانن کە تورکیا شەڕی دژ بە داعش و پەکەکەی راگەیاندووە و، ڕێوشێنی ئەمنیی توندی گرتووەتە بەر و سنوورەکانی داخستوون، هەروەها بریاری داوە بریندار و شەهیدەکانی باکووری کوردستان وەرنەگرێتەوە، کەچی پەیەدە لە ڕێی تۆمەتبارکردنی پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە بەوەی کە ڕێ نادات ئەوان بە سنوورەکەیدا شەهیدەکانیان ڕەوانە بکەنەوە باکووری کوردستان، دەیەوێ کێشەیەکی دی بخووڵقێنێ.
سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ KDP.infoـی ڕوون کردەوە، ئەوان(پەیەدە) چاک دەزانن کە تورکیا لەوەتەی چووەتە نێو هاوپەیمانەتیی نێوەدەوڵتییەوە و ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆ کردووە، سنوورەکانی تەواو کۆنترۆڵ کردوون دایخستوون، بە تایبەت لەم چەند ڕۆژەدا ڕایگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێ نادات بریندار و شەهیدەکانی ریزەکانی یەپەگە کە خەڵکی باکووری کوردستانن، بە سنوورەکاندا دەرباز ببن، بەڵام هەرچی پەیەدەیە بۆ نانەوەی پشێوی و خوڵقاندنی کێشەیەکی تر، کە مەبەستیەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پێ تۆمەتبار بکات، چەند بریندار و تەرمی ئەو شەهیدانەی هێناونەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە ڕێی دەروازەی سێمالکاوە ڕەوانەیان بکاتەوە، هەڵبەت تورکیا ڕێ نادات."
هاوکات ڕایگەیاند، ڕۆژاوای کوردستان و تورکیا سنووری هاوبەشیان هەیە، بۆیە دەکرێ پارتیی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بۆ گوێزتنەوەی بریندار و شەهیدەکانی نێو ڕێزەکانی لە ڕۆژاوای کوردستان، کە خەڵکی باکووری کوردستانن، کەڵک لەو دەروازە سنووریانە وەربگرێ کە پێشتریش بە کاری هێناون.
سەرچاوە تایبەتەکە جەختی کردەوە، ڕێگرییەکە بە هۆی داخستنی سنوور و بڕیارەکەی حکوومەتی تورکیاوەیە و پارتییش هیچ پێوەندی بەم پرسە و بڕیارەی تورکیاوە نییە، هەربۆیە بە هەموو شێوەیەک ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە و بنەمایەکی ڕاستیان نییە.
سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە، "ئێمه لە سیاسهتی توركیا و سیاسهتی پەیەدە بەرپرس نین، ڕوونە کە پێشتریش ڕامانگەیاندووە کە ئهوهی له دهستمان دێت تهنیا ئهوهیه كه یارمهتییان بدهین بۆ ئهوهی گفتوگۆ بكهن و لێك نزیك ببنهوه."




